هەوڵی کۆچبەران بۆ تێپەڕبوون بە دەربەندی ئینگلیزیدا ژمارەیەکى پێوانەیی تۆمارکرد

لەدوای بەرزبوونەوەى لەناکاوی ژمارەى ئەو کۆچبەرانەى کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٨ەوە بە بەلەم بە دەربەندی ئینگلیزیدا تێپەڕدەبن، فەڕەنسا و بەریتانیا ئۆپراسیۆنەکانى پاراستنی سنوریان توندتر کردووەتەوە.

لەدوای بەرزبوونەوەى بێوێنەى ئەو حاڵەتە، بەریتانیا بەدرێژایی سنورە ئاوییەکانی لەگەڵ فەڕەنسا ئامێری چاودێری جێگیرکردووە و دەستیکردووە بە گەڕاندنەوەى کۆچبەران بۆ فەڕەنسا و ڕێگریش لە تێپەڕبوونیان دەگرێت بە دەربەندەکەدا. هاوکات پۆلیسی فەڕەنسا هەوڵەکانیان خستووەکار بۆ دەستگیرکردنی قاچاخچییەکان و ڕێگریکردن لە کۆچبەران لە تێپەڕبوونیان بە دەربەندی ئینگلیزی کە زۆر مەترسیدارە بۆیان.

فرانک تۆولیۆ لە پۆلیسى ئاسمانی و سنوری بە ئاژانسى ئاسۆشیەیتد پرێسی وتووە کە فەڕەنسا لە ساڵی ٢٠١٨، ٢٦ تۆڕی قاچاخچییەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە و دەستگیریان کردوون.

دەربەندی ئینگلیزی ڕێگایەکی ئاوی قەرەباڵغە و قاچاخچییەکان بەلەمی دزراو بەکاردەهێنن بۆ گواستنەوەى کۆچبەران و زۆرجاریش بەلەمەکان ناگونجاون بۆ ئەو گەشتە.

دامیەن کاریمی، شارەداری شاری گراند سینسە لە باکوری فەڕەنسا بە ڕۆیتەرزی ووتوە، “نامانەوێت دەربەندی ئینگلیزی ببێتە گۆڕستانی دووەم بۆ کۆچبەران هاوشێوەى دەریای ناوەڕاست.”

بەرپرسانى فەڕەنسا دەڵێن، تەنها لە ساڵی ٢٠١٨دا ٧١ هەوڵی تێپەڕبوون بە دەربەندەکەدا تۆمارکراوە و سەرجەم هەوڵەکانیش بە بەلەمی بچوک بوون کە ژمارەکە شەش ئەوەندەى ساڵی ٢٠١یە. بەپێی ئامارەکانى ئاژانسی ئاسۆشیەیتد پرێسیش، تەنها لە مانگەکانی تشرینی دووەم و کانونی یەکەمی ٢٠١٨دا ٥٧ هەوڵی تێپەڕبوون تۆمارکراون.

پێشتر زۆربەى کۆچبەران هەوڵیان دەدا لەڕێگەى بەکرێگرتنى لۆری و بارهەڵگرە گەورەکانەوە خۆیان بگەیەننە بەریتانیا، بەڵام بەریتانیا و فەڕەنسا خاڵی پشکنینی خۆیان توندترکردەوە بۆ ڕێگری لەو هەوڵانە، لەئێستادا بەرپرسانى هەردوولا بە ئامێری تەکنەلۆژی پێشکەوتوو هەموو ئۆتۆمۆبیل و بارهەڵگرەکان دەپشکنن. لە ساڵی ٢٠١٨دا نزیکەى ٣٠٠ هەزار کۆچبەر بە لۆری و بارهەڵگرەکاندا لە باکوری فەڕەنسا دۆزراونەتەوە و دەستگیرکراون.

بەپێی قسەکانی وەزیرى ناوخۆی فەڕەنسا، زۆربەى ئەو کۆچبەرانەى کە هەوڵی چوونە بەریتانیا دەدەن خەڵکی ئێرانن. هاوکات میۆدراگ چاکیج، سەرۆکى جێبەجێکاری هاوکاری پەنەبەرانى سیبریا بە کەناڵی بی بی سی ووتووە، لەوانەیە ئەو کۆچبەرانە لەناو ئەو کەسانە بن کە ساڵی ٢٠١٧ لە ئێرانەوە چوونەتە سیبریا بەهۆى ئەوەى وڵاتانى بەڵکان بۆ ماوەیەکى کاتی ڤیزایان لەسەر ئێرانییەکان هەڵگرت.

بەپێی خەمڵاندنەکان، لەدوای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە لە ساڵی ١٩٧٩، ساڵانە لەنێوان ١٥٠ هەزار بۆ ٢٠٠ هەزار کەس لە ئێران کۆچ دەکەن و بەپێی ئاماری وەزارەتى ناوخۆی بەریتانیاش، لە دوو ساڵی ڕابردوودا، زۆرترین ئەو کەسانەى داوای مافی پەنابەرێتییان لە بەریتانیا کردووە خەڵکی ئێران بوون.

TMP – 06/02/2019