٢٠٣ کۆچبەری نایاسایی عێراقی لەڕێگەى دەروازەى سنوریی ئیبراهیم خەلیلەوە دیپۆرتکرانەوە
ڕۆژی ٧ی تەموزى ٢٠١٨، دەسەڵاتدارانى تورکیا لە ڕێگەى دەروازەى سنوریی ئیبراهیم خەلیلەوە ٢٠٣ کۆچبەری عێراقییان دیپۆرتی هەرێمی کوردستان کردەوە دوای ئەوەى هەوڵیان دابوو لەڕێگەى یۆنانەوە بچنە ئەوروپا. ئەوان لە ڕێگای تورکیا بۆ یۆنان دەستگیرکرابوون و دواتر لە کەمپەکانى پارێزگای ئەدرنە دەستبەسەرکرابوون.
دوای ماوەیەک لە دەستبەسەرکردن، کۆچبەرەکان بە هەماهەنگی حکومەتى هەرێمی کوردستان و تورکیا گەڕێنرانەوە و دواتر لەلایەن ئاسایشى دەروازەى سنوریی ئیبراهیم خەلیلەوە ئازاد کران.
گۆران محەمەد، یەکێک لە کۆچبەرە دیپۆرتکراوەکان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ڕووداودا وتى، “ئێمە چووینە تورکیا (لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە)، پاشان چوینە شاری ئەدرنە و لەوێشەوە چووینە بولگاریا، بەڵام لەوێ دەستگیرکراین، بولگاریا ئێمەى ڕادەستى تورکیا کردەوە و لە کەمپی ئەدرنە دەستبەسەرکراین، نزیکەى ٢٥ ڕۆژمان لەوێ بەسەربرد”
حوسام عەلی، کە یەکێکى ترە لە کۆچبەرە دیپۆرتکراوەکان دەڵێت، ” نزیکەى هەفتەیەک دەستبەسەریان کردین، بە شێوەیەکى نامۆ هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کردین و لێیانداین، ڕێگەیان نەدەدا قسە بکەین، تەنانەت نەماندەتوانی پەیوەندی بە خێزانەکانمانەوە بکەین، نازانم بۆچی ئەوان وایان لەگەڵ کردین”
هەموو کۆچبەرە نایاساییەکان کورد بوون و هەر یەکێکیان نزیکەى دوو هەزار دۆلاریان داوە بە قاچاخچییەکان تا بیانگەیننە یۆنان، یەکێک لە کۆچبەرەکان دەڵێت، “ئەوانەى دەڵێن ڕێگا بەزاندنی سنور ئاسانە درۆ دەکەن، هیچ ڕێگایەک بوونى نییە، ئامۆژگاری هەمووان دەکەم ئەو ڕێگەیە هەڵنەبژێرن، هەموویان (قاچاخچییەکان) درۆزنن”.
پێشتر و لە ١٣ی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، تورکیا ١٥٩ کۆچبەرى دیکەى دیپۆرتی هەرێمی کوردستانى عێراق کردەوە کە هەوڵیاندابوو بە نایاسایی بەرەو ئەوروپا بچن.
بەپێی ئامارەکانى فیدراسیۆنى سەراسەری پەنابەرانى هەرێم لە عێراق، تورکیا هەفتانە ١٠ بۆ ١٥ کۆچبەرى نایاسایی لەڕێگەى دەروازەی سنوریی ئیبراهیم خەلیلەوە دیپۆرتی هەرێمی کوردستانى عێراق دەکاتەوە، چونکە دەسەڵاتدارانى تورکیا ڕێکارێکى توندوتۆڵیان گرتووەتەبەر بۆ ڕێگرتن لە کۆچی نایاسایی و سەرجەم ڕێگاکانیان سەخت کردووە بۆ دەربازبوون.
بەپێی هەواڵێکى کەناڵى کوردستان ٢٤، زیاتر لە ٣٥٠ کۆچبەری دیکەى هەرێمی کوردستان و عێراق لە زیندانەکانى ئەدرنە هەن و چاوەڕێ دەکرێت دەسەڵاتدارانى تورکیا لە چەند مانگی داهاتوودا دیپۆرتی هەرێمی کوردستانیان بکەنەوە.
TMP – 24/07/2018
(کۆچبەرەکان چاوەڕێی تەواوکردنى ڕێکارەکانى دیپۆرتکردنەوەن لە خالی سنوریی ئیبراهیم خەلیل) وێنەکە لە ڤیدیۆی راپۆرتێکى تۆڕی ڕوداوەوە وەرگیراوە)
ئەم وتارە شەیر بکە