ئەڵمانیا ڕێکارەکانى دیپۆرتکردنەوەى پەنابەرە ڕەتکراوەکان خێراتر دەکات

ئەنگێلا مێرکڵ، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بەڵێنیدا بە خێراترکردنی هەوڵەکان بۆ ناردنەوەى ئەو پەناخوازانەى داواکاری مافی پەنابەرێتییان ڕەتکراوەتەوە، هاوکات لەگەڵ یۆنان و ئیسپانیاش گەیشتە ڕێککەوتن بۆ ناردنەوەى ئەو پەناخوازانەى کە یەکەمجار لەو دوو وڵاتە داوای مافی پەنابەریتییان کردوە و دواتر ڕوویان لە ئەڵمانیا کردووە.

ڕۆژی ١٦ی ئاب، دوای ئەوەى بەهۆی سیاسەتی بەرامبەر کۆچکردن، ئەنگێلا مێرکڵ ڕوبەڕوی ناڕەزایەتى و خۆپیشاندانی ڕاستڕەوە توندڕەوەکان بووەوە رایگەیاند، حکومەتەکەى هەوڵەکانی زیاتر دەکات بۆ دیپۆرتکردنەوەى ئەو کەسانەى کە داواکاری مافی پەنابەرێتییان ڕەتکراوەتەوە.

مێرکڵ لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، “بۆم ڕونبووەتەوە کە هێشتا هەموو کێشەکان چارەسەرنەکراون، بە تایبەت پڕۆسەى دیپۆرتکردنەوە هێشتا کێشەیەکى گەورەیە.”

وتیشى، “حکومەتى فیدڕاڵی بەرپرسیارێتى زیاتر هەڵدەگرێت بە تایبەت لە بەدەستهێنانی زانیاری و دۆکیومێنتى پێویست”.

بەپێی هەواڵێکى ئاژانسى ڕۆیتەرز، مێڕکڵ چەندینجار بەرگری لە بڕیارەکەى کردووە بۆ وەرگرتنى شەپۆلی پەنابەران و کۆچبەران لە دۆخە لەناکاوەکەى ٢٠١٤دا، بەڵام بەڵێنی داوە کە دووبارەبوونەوەى ئەو حاڵەتە ڕابگرێت و ڕوبەڕوی قەیرانى کۆچبەران ببێتەوە لە ئەوروپا.

هاوکات لە هەنگاوێکى هاوشێوەدا، ڕۆژی ١٧ی ئاب، ئەڵمانیا و یۆنان گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ گەڕانەوەى ئەو کۆچبەرانەى یۆنان کە سەرەتا لەو وڵاتە داوای مافی پەنابەریتییان کردووە. هاوکات هەفتەیەک پێش ئەوە، ئەڵمانیا ڕێککەوتنێکى دیکەى هاوشێوەی لەگەڵ ئیسپانیا واژۆ کرد و بڕیارە هەمان ڕێککەوتنیش لەگەڵ ئیتاڵیاش واژۆ بکات.

هۆرست سیهۆفێر، وەزیرى ناوخۆی ئەڵمانیا لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی، “واژۆکردنی ڕێککەوتنێکى کارگێڕیانە لەگەڵ یۆنان هەنگاوێکى زیاترە بۆ ڕێکخستنى دۆخی سیاسەتى کۆچبەرانى ئەوروپا.”

هاوکات ئیلۆنۆر پیتەرمان، وتەبێژی وەزارەتى ناوخۆی ئەڵمانیا لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، ڕێککەوتنەکان ڕێگە بە ئەڵمانیا دەدەن لە دوای ٤٨ کاتژمێر ئەو کۆچبەرانە بنێرنەوە ئەو وڵاتەى کە لێوەی هاتوون.

وتیشى، لە هەنگاوەکانى کۆتاییدان بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێکى هاوشێوە لەگەڵ حکومەتى ئیتاڵیا.

لەدوای سیاسەتى دەرگای کراوە بەڕووی کۆچبەراندا لە ساڵی ٢٠١٤، زیاتر لە یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە ئەڵمانیا، ئەوەش بووەتە هۆى ناڕەزایەتى بەشێک لە ئەڵمانییەکان بە تایبەت ڕاستەڕەوە توندڕەوەکان کە داوا لە مێرکڵ دەکەن دەستلەکاربکێشێتەوە.

TMP – 03/09/2018

میوشن، ئەڵمانیا، خێزانێکى کۆچبەر بە شەقامەکاندا دەڕۆن