لە یەک هەفتەدا شەش هەزار کۆچبەری نائاسایی لە تورکیا دەستگیرکران
تەنها لە یەک هەفتەى مانگی ئەیلولدا، زیاتر لە شەش هەزار کۆچبەری نائاسایی کە هاوڵاتی عێراقیشیان تێدایە لە تورکیا دەستگیرکراون.
نزیکەى چوار هەزار کۆچبەری بێ بەڵگەنامە لە ناوچە کەنارئاوییەکان لەلایەن بەرپرسانى تورکیاوە دەستگیرکراون کە لە هەوڵدابوون خۆیان بگەیەننە یۆنان.
نزیکەى دوو هەزار کۆچبەری نائاسایی تر لە چەند ئۆپرسیۆنێکى پۆلیسدا لە ناوچەکانى باکوری تورکیا دەستگیرکراون کە دەکەوێتە سنورەکانى یۆنان و بولگاریا، زیاتر لە 300 کۆچبەری بێ بەڵگەنامەی تریش لەکاتی گەشتنیان بە تورکیا لە سنورەکانى سوریاوە دەستگیرکران.
کۆچبەرە دەستگیرکراوەکان خەڵکی چەند وڵاتێکى جیاوازن لەوانە عێراق، ئەفغانستان، پاکستان، سوریا، نەیجیریا، ئەریتریا و یەمەن. لەدوای دەستگیرکردنیان لەلایەن پۆلیسەوە، یان دەبرێنە بنکەی تەندروستى بۆ پشکنین یاخود ڕەوانەى ناوەندەکانى کۆچبەرانی پارێزگاکان دەکرێن.
تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەى کە کۆچبەر پێیدا تێپەڕدەبێت کاتێک دەیەوێت بەرەو ئەوروپا بچن، بەپێی ڕێککەوتنى ساڵی 2016ی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا، ئەو کۆچبەرانەى دەگەنە یۆنان دەنێردرێنەوە بۆ تورکیا ئەگەر هاتوو لەو وڵاتە داواکاری مافی پەنابەرێتی پێشکەش نەکەن یاخود داواکەیان ڕەتکرایەوە.
ژمارەى ئەو کۆچبەرانەى کە دەستگیردەکرێن بەردەوام لە زیادبووندایە، وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، لە ساڵی 2018دا 268 هەزار کۆچبەری نائاسایی دەستگیرکراون، بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کۆچبەرانی تورکیاش، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 12ی ئەیلول، 270 هەزار کۆچبەری نائاسایی لە سەرانسەری وڵاتدا دەستگیرکراون.
TMP – 09/10/2019
ئەم وتارە شەیر بکە