یۆنان 604 کۆچبەری تری گواستەوە بۆ ئەسینا تاوەکو دیپۆرتیان بکاتەووە

ڕۆژی 20ی ئازار، بەرپرسانی یۆنان 604 کۆچبەری تریان لە دورگەکانی سامۆس و چیۆس و لیسڤۆس گواستەوە بۆ ناوەندێکی داخراو پێشوازیکردنی لە ئەسینا، مەبەست لە گواستنەوەی ئەو کۆچبەرانەش دیپۆرتکردنەوەیانە بۆ وڵاتانی خۆیان.

ئەو کۆچبەرانە ئەوانەن کە دوای کردنەوەى سنور لەلایەن تورکیاوە لە 28ی شوبات دەربازی یۆنان بوون. لە وەڵامی ئەو کارەى تورکیاش، یۆنان ڕێگری لە دەربازبوونی کۆچبەران گرت و سەرجەم ڕێکارەکانی پێشکەشکردنی مافی پەنابەرێتیشی بۆ کۆچبەرانی نوێ ڕاگرت، هاوکات بەڵێنیشی دا بە دیپۆرتکردنەوەى ئەوانەى دەگەنە دورگەکانی.

بەپێی ڕاپۆرتی هیومان ڕایتس وۆچ، پێش گواستنەوە و دیپۆرتکردنەوەیان، ئەو کۆچبەرانە لە “دۆخێکی نەخوازراودا” دەستبەسەر کرابوون.

بێکیس ویلی، لێکۆڵەری قەیران و ناکۆکییەکان لە ڕێکخراوە دەڵێت، “ئەو کەسانە لە شوێنێکی سارد و خراپدا هێڵراونەتەوە و ڕێگریکراوە لە هاوکارکردن و گەیشتنی هاوکاری مرۆیی کە پێویستیانە.”

هەفتەى ڕابردووش، زیاتر لە 450 کۆچبەری دیکە گوازرانەوە بۆ ناوچەیەکی ناوەڕاستی ئەسینا تاوەکو دیپۆرت بکرێنەوە.

پڕۆژەى کۆچبەر _ 25/3/2020

وێنەگر: ڤەرڤەردیس ڤاسیلیس

ناونیشانی وێنە: ساڵۆنیک، یۆنان- 3ی ئەیلولی 2019: پەنابەر و کۆچبەران لە بەندەری ساڵۆنیک دادەبەزن دوای ئەوەى لە کەمپی مۆریاوە گوازرانەوە.