لاوێکی کوردی گەڕاوە پیشەیەکی سەرکەوتوو بنیاد دەنێت لە پاش وەرگرتنی ڕاهێنانی پیشەیی

شوان حەلاق لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا بڕیاریدا کە بە شێوەیەکی نایاسایی کۆچ بکات بۆ ئەوروپا لە ڕێی قاچاخچییەکی شاری هەولێر. خێزان و هاوڕیکانی پێیان وتبوو کە ئەو ناتوانێت ڤیزای شینگن وەربگرێت بە ڕێگای پێشکەشکردنی داوای ڤیزای فەڕمی و یاسایی.

گەشتەکەی شوان لە مانگی تەمموزی ساڵی ٢٠١٥ دەستی پێکرد. لە پاش بەسەر بردنی چوار مانگ لە ڕێگا، گەیشتە وڵاتی نەرویج. پاش ٢ ساڵ، شوان خۆویستانە گەڕایەوە بۆ هەولێر، لە پاش ٣ جار رەتکردنەوەی داوای مافی پەنابەرێتی، لە بەر ئەوەی بەڵگەی پێویست نەبوو کە بیسەلمێنێت کە ژیانی شوان لە مەترسیدایە لە هەرێمی کوردستانی عێراق.

شوان لە کاتی دووانی بۆ یەکێک لە کڕیارەکانی لە سەرتاشخانەکەیدا ووتی “پاش دوو هەفتەی تر دەبم بە ٢١ ساڵ وە خاوەنی سەرتاشخانەی خۆمم، دەزگیراندارم، پارەم لە گیرفاندایە و خواردنیش لە سەر مێزی نانخواردنم هەیە”. هەروەها وتی ” ئەوروپا جوانە، بەڵام زستانی زۆر ساردە و لە زمانی خەڵکەکەشی تێنەدەگەیشتم. وە هەموو شەوێک دەگریام لەوێ، چونکە بیری دایکم دەکرد”.

لە پاش گەڕانەوەی بۆ هەولێر لە ساڵی ٢٠١٧، شوان بیری لەوە کردەوە کە ڕاهێنانێکی پیشەیی وەربگرێت کە بە خۆڕایی بوو بۆ ئەو کەسانەی لە ئەوروپا گەڕاونەتەوە. پاشان داواکاری پێشکەشکرد، خولەکەی تەواو کرد وە بوو بە سەرتاش.

شوان ووتی “ئامۆزاکەم یارمەتی دام بۆ ئەوەی پارە کۆ بکەمەوە تا پێداویستییەکانی دووکانەکەم بکڕم، وە ئێستاش دەبێت مانگانە بڕی ٣٠٠،٠٠٠ دینار (٢٥٠ دۆلار) بدەمەوە پێی هەتا قەرزەکانم تەواو دەبن. بەڵام لە ساڵی ڕابردوودا، زۆر زیاتر پارەم دەست کەوت لەوەی کە ئەگەر لە نەرویج بوومایە دەستم دەکەوت”.

شوان دەڵێت کە چەند ساڵێکی پێویست بووە بۆ ئەوەی بۆی دەربکەوێت کە کێشەکانی ژیانی ئەو تەنها لە ناو مێشکی خۆیدا بوون، لە کاتی ڕوونکردنەوەدا ووتی “سوێن بە خودا دەخۆم کە هەموو کێشەکانی من تەنها بەهۆی ئەوەوە بوون کە ژیانێکی باشترم دەویست لە ئەوروپا وەک ئەوەی کە لەسەر تەلەڤیزیۆنەکان دەیبینین”.

شوان لە درێژەی قسەکانیدا ووتی “پاش ڕەتکردنەوەی داواکەم گەڕامەوە و بڕیارم دا کە شتێک بکەم بۆ ژیانی خۆم. لە سەرەتادا زۆر تەمەڵ بووم و نە ئەچوومە دەرەوە بۆ ئەوەی بە دوای ئیشدا بگەڕێم و بزانم ڕێکخراوەکان بەرنامەیان بۆ کەسانی وەکوو من چییە. بەڵام تەنها پێویستم بە ٤ هەفتە ڕاهێنان بوو و ئێستاش خۆم بە سەرکەوتووتر ئەزانم لە نیوەی گەنجانی هاوتەمەنی خۆم لە کوردستان. هیچ کەسێکی دی نایەت بۆ ڕزگارکردنت، ئەبێت خۆت هەڵسی بەو کارە”.