کۆچبەرێکی گەڕاوەى کورد: بە بەردەوامی هەستم دەکرد میوانێکی بێ هیوام لە ئەڵمانیا
ئاسۆ کە گەنجێکی 29 ساڵی خەڵکی سلێمانییە، بە حەوت وڵاتدا کۆچی کردووە تا لە کۆتاییدا گەیشتووەتە ئەڵمانیا و دوو ساڵ و نیو لەوێ ژیاوە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، ڕاستی ژیان لەوێ بەو شێوەیە نەبوو کە ئەم چاوەڕێی دەکرد.
گەشتی کۆچی نائاسایی ئاسۆ لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2015 دەستیپێکرد کاتێک لەگەڵ کۆمەڵێک لە کۆچبەرانی تری کوردی هەرێمی کوردستان بەرەو تورکیا بەڕێکەوتن، ئەو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی پڕۆژەى کۆچبەر دەڵێت، “پێموابوو ئەگەر بگەمە یەکێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، ژیانم دەگۆڕێت و دەتوانم هەموو شتێک بکەم کە دەمەوێت.”
ئەو وتی، “کاتێک گەشتینە تورکیا، قاچاخچییەکە بەڵێنی بە من و 21 کۆچبەری تری کورد دا کە بەلەمێکی چاک و گەورە و باشمان بۆ دابین دەکات،” بەڵام لە ڕاستیدا وا نەبوو، “دوای 15 کاتژمێر ڕۆشتن بە مینی پاسێک لە ئەستەنبوڵەوە بۆ ئەنتاڵیا، تێگەیشتین کە بەلەمەکە زۆر بچوکە و هیچ شیاو نییە بۆ گەشتەکەمان بەڵام تازە ناچار بووین بەردوام بین.”
وتیشی، “قاچاخچییەکە خەڵەتاندینی، ئەو بەلەمەکەى پڕکرد لە کۆچبەر، نزیکەى 80 کۆچبەری خستە ناو بەلەمەکە، کەسمان شوێنمان نەبوو دانیشین.”
“ڕێگای گەیشتنمان بە یۆنان زۆر سەخت بوو، ڕۆشتنی بەلەمەکە بە ئاوەکەدا زۆر مەترسیدار بوو، دوو جار خەریک بوو نقوم ببین، بەڵام هەرچۆنێک بوو گەیشتینە کەنارئاوەکان” ئاسۆ بەردەوام بوو لە گێڕانەوەکەى.
ئاسۆ و ئەو کۆچبەرانەى پێکەوەبوون هەوڵیان داوە زوو یۆنان بەجێبهێڵن، ئەوان بەردەوام بوون لە گەشتەکەیان و ڕۆشتن بەرەو باکوری مەکدۆنیا، پاشان چوونە سیبریا، بۆسنە، کرواتیا، سلۆڤینیا و نەمسا و لە کۆتایشدا گەیشتنە ئەڵمانیا، ئەو وتی کە ڕێگاکە “زۆر ماندووکەر و سارد و مەترسیدار” بووە، هەموو گەشتەکەش 22 ڕۆژی پێچووە.
“کاتێک گەیشتمە ئەڵمانیا، پێموابوو ناڕەحاتییەکان نامێنن و دەتوانم ژیانێکی زۆر باش و خۆشم هەبێت، بەڵام بەداخەوە کە هەڵە بووم، ژیانم لە ناوەندەکانى ڕاگرتنی کۆچبەران زۆر قورس بوو.”
ئەو باسی لە ئەزمونی خۆی کرد لەناو یەکێک لەو ناوەندانەدا کە پێشتر یاریگای باسکە بووە، پیاو و ژن و منداڵ هەمووان پێکەوە و لە یەک شوێندا ژیاون، وەک ئەو باسی دەکات، “ناوەندەکە وەک بنکەى سەربازی وابووە.”
ئاسۆ دەشڵێت، “ئەوێ زۆر قەرەباڵغ و ناخۆش بوو، چەندینجار لەگەڵ خەڵکی شەڕ و دەماقاڵێم کردووە چونکە هەمووان توڕە و ماندوو و وەڕسن، پارەیەکی کەممان لە حکومەتەوە وەردەگرت، تەنها بەشی خواردن و خوارنەوەى دەکرد.”
دوای هەشت مانگ چاوەڕوانی، دواجار ئاسۆ دەتوانێت داواکاری مافی پەنابەری پێشکەش بکات، بەڵام دوای پێنج مانگ داواکەى ڕەتکرایەوە، دواتر حەوت مانگی تر چاوەڕێی کردووە تاوەکو جارێکی تر هەوڵی دایەوە، بەڵام ئەمجارەش دوای سێ مانگ و بۆ دووەمجار داواکەى ڕەتکرایەوە، “ئەو پێیان وتم کە کوردستان سەلامەت و ئارامە، ناتوانین مافی پەنابەریت پێ بدەین.”
“ژیانم بە تەواوی ڕووخا، زۆر زۆر بێئومید بووم، نزیکەى دوو ساڵ و نیو لە ئەڵمانیا مامەوە، نەمدەتوانی بە یاسایی کار بکەم، هەمیشە هەستم دەکرد میوانێکم بەبێ هیوا و ئامانج.” ئاسۆ بە پڕۆژەى کۆچبەری وت.
هەرچەندە لەو ماوەیەدا ئاسۆ هەوڵی داوە لە فەڕەنسا و ئیتاڵیا داوای مافی پەنابەری بکات، بەڵام هەوڵەکانی بێسود دەبن، دواجار بڕیاری داوە بە شێوەیەکی خۆبەخشانە بگەڕێتەوە بۆ کوردستان، ڕۆژی 12ی شوباتی 2018، ئاسۆ هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی کرد و گەڕایەوە نیشتمان.
TMP – 23/01/2020
Photo credit: هایدەبرینک
Photo caption: هامبۆرگ، ئەڵمانیا- 8ی ئەیلولی 2015، پەنابەران لە ناوەندی ڕاگرتنی کۆچبەرانی هامبۆرگدا لە لوتکەى شەپۆلی کۆچبەران لە ساڵی 2015دا.
ئەم وتارە شەیر بکە