لە ماوەى چوار هەفتەدا، ٦٠٠ کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا خنکاون

لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران تاوەکو ناوەڕاستى مانگی تەموز، واتە لە ماوەى چوار هەفتەدا، زیاتر لە ٦٠٠ کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا نقوم بوون یان بە نقومبوو هەژمارکراون کە منداڵ و منداڵی ساواشیان تێدایە. بەپێی راپۆرتێکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتى کۆچ، ئەم ژمارەیە دەکاتە نزیکەى نیوەی سەرجەم قوربانیان لە ساڵی ٢٠١٨دا کە زۆربەی بەهۆی نەبوونی کەشتى ڕزگارکەری ڕێکخراوە ناحکومییەکانەوە بووە لە دەریای ناوەڕاسدا.

کارلین کلێژییە، سەرۆکى دەستەى حاڵەتە لە ناکاوەکان لە ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنور رایگەیاند، ” بڕیارە سیاسییەکەى وڵاتانی ئەوروپا دەرئەنجامی خویناوی لێکەوتووەتەوە.”

کلێژییە وتیشى، “ئەوە بڕیارێکى خوێن ساردانەیە کە واز پیاو و ژن و منداڵ بهێنرێت لە دەریای ناوەڕاستدا بخنکێن.”

هاوکات سۆفیە بیاو، جێگری سەرۆکى ڕێکخراوی ڕزگارییە مرۆییەکان وتی، “بەرپریارێتی ئەو قوربانیانە دەکەوێتە ئەستۆی وڵاتانی ئەوروپا، بڕیاری سیاسییانەى ئەو وڵاتانە بۆ داخستنى بەندەرەکان بەڕوی کەشتییەکانى ڕزگارکردنی کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاست بووەتە هۆى زیادبوونى قوربانییەکان لەکاتى پەڕینەوەی کۆچبەران بە خوێناویترین دەریای جیهاندا.”

لە ڕاپۆرتێکیدا، ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنور ئاشکرایکردووە، “لەکاتێکدا کە ئێستا وەرزی تێپەڕبوونە بە دەریا، پێویستە ڕزگارکردنی گیانی خەڵکی کاری لەپێشینە بێت، قاچاغچییەکان بەردەوامن لە خستنەمەترسی ژیانی خەڵکی بە بەکارهێنانی بەلەم و یەختى بێ کەڵک، بۆیە پێویستە سیستمێکى پێویست و تۆکمە هەبێت کە ژیانى خەڵکی ڕزگاربکات لە دەریای ناوەڕاستدا، کەشتییەکانی ڕێکخراوە ناحکومییەکان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە یارمەتیدانی خەڵکی بۆ ڕزگاربوون لە دەریا و ڕێگریکردن لە مردنیان، بۆیە پێویستە ڕێگەیان بدرێت لە نزیکترین بەندەر لەنگەر بگرن و پێداویستییەکان جێبەجێبکەن.

مانگی حوزەیران، دەسەڵاتدارانى ئیتاڵیا گەڕان و پشکنینى کەشتییەکى ڕزگارکردنیان قەدەغەکرد لە داگرتنى کۆچبەران لە بەندەرەکانى ئەو وڵاتە کە ٣٦٠ کۆچبەری هەڵگرتبوو، کەشتییەکە سەر بە ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنور بوو، بڕیارەکەى ئیتاڵیا بۆ ڕەتکردنەوەى ئەو کەشتیانە، توڕەیی وڵاتانی دیکەى ئەوروپای لێکەوتەوە.

لە ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی ئیندیپێندنتدا هاتووە، لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تا ئێستا، زیاتر لە ٦٥٠ هەزار کۆچبەر کە زۆربەیان لە ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بوون ڕوویان لە کەنارئاوەکانی ئیتاڵیا کردووە، بەڵام دواتر زۆربەیان بەرەو وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ئەورپا ڕۆشتوون.

TMP – 05/09/2018

كۆچ دەكەیت؟ پەیوەندی بە شارەزای كۆچەوە بكە بۆ ئامۆژگاری

جیهان لە جوڵە و بزاوتدایە

جیهان لە جوڵە و بزاوتدایە – لەئێستادا ملیۆنان کەس کۆچ دەکەن، و زۆرێک لەوان ڕووبەڕووى ئەو حەقیقەتە سەختانە دەبنەوە کە ئاماژەن بۆئەوەى کە کۆچکردن لە سەدەى ٢١دا چ مانایەکى هەیە.

ئێمە بە چەند زمانێکى جیاواز زانیارى دروست و دواهەمین هەواڵەکانتان پێدەدەین لەبارەى کۆچکردن، بەشێوەیەک کە زۆر بەئاسانى کۆچبەران لە زانیارییەکان تێبگەن و بەئاسانیش زانیارییەکان وەربگرن.

زانیارى زیاتر