سیانزە کۆچبەر لەسەر سنوری تورکیا و ئێران بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەستدا
کۆمەڵەى مافەکانی مرۆڤی پارێزگای وانی تورکیا ڕایگەیاند، 13 کۆچبەری نائاسایی لە شاری چاڵدێرانی تورکیا دوای ئەوەى سنوری ئێرانیان بەزاندووە ڕەقبوونەتەوە و گیانیان لەدەستداوە.
هەرچەندە ناسنامەى کۆچبەرەکان بە فەرمی ئاشکرا نەکراوە، بەڵام چەند میدیایەکی ناوخۆیی دەڵێن کە سیان لە کۆچبەرەکان کوردن و خەڵکی شاری کۆبانێن، ئەوانی تریش ئەفغانین.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی ئەنادۆڵوی تورکی، ژنێک تەلەفۆنی بۆ هێزەکانی جەندرمە کردووە کە 13 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە “بەهۆی دابەزینی پلەى گەرمی لەشیان دوای ئەوەى سنورە شاخاوییەکانی ئێرانیان بڕیوە و هاتوونەتە تورکیا.”
محەمەد بیلمیز، پارێزگاری وان بە ئاژانسی ئەنادۆڵوی وتووە، تیمەکانی فریاگوزاری نێردراون بۆ شوێنی ڕووداوەکە، بەڵام “بەهۆی زۆری بەفر و قەرەباڵغی ڕێگاکە تیمەکە دواکەوتوون.”
دەشڵێت، “لایەنی ئێرانیمان لە ڕووداوەکە ئاگادارکردووەتەوە.”
هەردوای ڕووداوەکە، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە پارتێکی کوردییە ڕووداوەکەى بە “شەرمەزاری بۆ مرۆڤایەتی” وەسف کرد و داوای لە تاران و ئەنقەرەش کرد “چارەسەرێک بۆ ئەو جۆرە مردنانە بدۆزنەوە”.
هاوکات هەدەپە داوای لێکۆڵینەوەى بەپەلە دەکات بۆ “ئاشکراکردنی ئەو تۆڕ و باندانەى کە بەرپرسن لە کوشتنی کۆچبەران.”
هەر لەو ماوەیەدا، گروپێکی تری کۆچبەران دوای ئۆپراسیۆنێکی پێنج کاتژمێری لەلایەن هێزەکانی جەندرمە لە شاری گەڤەس ڕزگارکران، ئەو گروپە کە لە 49 کۆچبەری ئەفغانی پێکهاتبوون دوای ئەوەى بەهۆی بەفر و سەرماوە پلەى گەرمی لەشیان دابەزی بوو، تەلەفۆنیان بۆ هێزەکانی جەندرمە کردبوو تاوەکو ڕزگاریان بکەن، دواتر سەرجەمیان برانە نەخۆشخانە بۆ چارەسەری تەندروستی.
TMP – 28/02/2020
وێنەگر: جەم ئۆزێر
ناونیشانی وێنە: کڵێسای ئەکدامار لە وانی تورکیا
ئەم وتارە شەیر بکە