یورۆپوڵ: کۆچبەرانی نائاسایی لەژێر مەترسی چەوسانەوەدان بەهۆی سوککردنی ڕێکارەکانی کۆرۆنا ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ داوا لە یۆنان دەکات مندڵانی کۆچبەر لە “زیندانە پیس و قەرەباڵغەکاندا” ئازاد بکات لە دوو مانگی ڕابردوودا یۆنان داواکاری نیوەى پەناخوازانی ڕەتکردووەتەوە دوو حاڵەتی تری کۆرۆنا لە کەمپی لیسبۆسی کۆچبەران لە یۆنان تۆمارکران دەستگیرکردنی ڕۆژانەى کۆچبەران لە ئاوی ئینگلیزیدا ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی تۆمار کرد

کۆچبەران لەسەر سنوری تورکیا-یۆنان گیریان خواردووە.. “لەناو سەگەکاندا بەجێهێڵراوین”

دەیان هەزار کۆچبەر لەسەر سنوری تورکیا لەگەڵ یۆنان گیریان خواردووە و ڕوبەڕوی بۆمبی گازی فرمێسکڕێژ دەبنەوە کە لەبەری یۆنانەوە دەتەقێنرێن. هەروەک ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، “هەندێک لە کۆچبەران چاوی پڕ لە فرمێسکیان بە ئاو دەشۆن، هەندێکی تریان ڕا دەکەن تاوەکو چاڵێک بدۆزنەوە بۆ ئەوى خۆیانی تێدا حەشار بدەن.”

دوای ئەوەى ڕۆژی 28ی شوبات تورکیا سنورەکانی خۆی کردەوە، ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەران بەرەو سنورەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ یۆنان بەڕێکەوتن، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا، یۆنان ڕێگاکەى داخستووە، هەروەها تورکیاش نزیکەى هەزار پۆلیسی جێگیر کردووە تاوەکو ڕێگری لە گەڕانەوەى کۆچبەران بکات.

فەوزی ئۆزبەک کە کۆچبەرێکی 37 ساڵی ئەفغانییە و دەیەوێت بگاتە ئەڵمانیا بە ڕۆیتەرزی ووتوە کە ئەو لەوانەیە بەمزوانە بگەڕێتەوە بۆ ئەستەنبوڵ لە تورکیا.

ئۆزبەک کە لەسەر سنور و لە خێمەیەکی کاتیکدا لەگەڵ ژن و منداڵەکانیدا دەژی دەڵێت، “یۆنانییەکان دەزانن ئەگەر سنور بکەنەوە خەڵکی زیاتر لە تورکیاوە دەگاتە ئێرە.”

هاوکات سەوسەن موسەوا کە کۆچبەرێکی سورییە و لەگەڵ چوار منداڵەکەیدا لەسەر سنورن بە ڕۆیتەرزی وتووە کە هیوای لەدەستداوە بۆ گەیشتن بە ئەوروپا و ڕایگەیاند، “ئێمەیان بەجێهێشتووە بۆ سەگەکان.”

حکومەتی یۆنان دەڵێت کە هێزەکانی لە هەفتەى ڕابردووەوە ڕێگرییان لە نزیکەى 35 هەزار کۆچبەر کردووە سنور ببەزێنن، حکومەتیش ڕایگەیاند کە تا مانگێکی تر هیچ داواکارییەکی مافی پەنابەری وەرناگرێت و ئەو کۆچبەرانەش دیپۆرت دەکاتەوە کە بە شێوەیەکی نایاسایی دەگەنە ئەو وڵاتە.

TMP – 09/03/2020

وێنەگر: نیکۆڵا زۆلین

ناونیشانی وێنە: سنوری یۆنان-تورکیا: کۆچبەران گیریان خواردووە لەنێوان سنورەکاندا و هێزەکانی یۆنانیش گازی فرمێسکڕێژ بەکاردەهێنن بۆ دورخستنەوەیان.