یۆنان دەیەوێت کۆچبەران بخاتە کەمپێکی “داخراو و دورەدەست”

لەدوای دروستبوونی ناڕەزایەتی و ئاڵۆزی بەهۆی خراپی بارودۆخی کەمپەکانی ئێستا، وەزارەتى کۆچی یۆنان ڕایگەیاند، حکومەت پلانی هەیە کەمپێکی “داخراو” دروست بکات بۆ کۆچبەران. لەلایەکی ترەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنقەرە، یۆنان دەیەوێت هەموو هەفتەیەک 200 کۆچبەر کە مافی پەنابەرێتییان ڕەتکراوەتەوە بگەڕێنێتەوە بۆ تورکیا.

نۆتیس میتراچی، وەزیری کۆچی یۆنان بە ڕادیۆی فەرمی حکومەتى وتووە کە “لە سەرەتای مانگی ئازارەوە، دەست دەکەین بە دروستکردنی کەمپێکی داخراو لەسەر دورگەکان”، چاوەڕێ دەکرێت ئەو کەمپانە لە کۆتایی هاوینی ئەمساڵدا تەواو ببن کە توانای لەخۆگرتنی 20 هەزار کۆچبەریان دەبێت.

ستیلیۆس پێتساس، وتەبێژی حکومەتی یۆنان ڕایگەیاند، لە کەمپی داخراودا، هاتن و چوونی کۆچبەران کۆنتڕۆڵ دەکرێت، بە ڕۆژدا ڕێگەیان پێ دەدرێت بچنە دەرەوە، بەڵام لە شەودا دەرگایان لێ دادەخرێت.

ئەو هەنگاوەى حکومەت لەکاتێکدایە کە بەشێک لە کۆچبەران لە کەمپەکانی دورگەی لیسبۆس خۆپیشاندانیان ئەنجام دا لە دژی خراپی بارودۆخ و وێرانی کەمپەکان و داوایان کرد ڕێکارەکانی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی خێراتر بکرێت، لە هەمان کاتیشدا، خەڵکی دورگەکە لەدژی بوونی ئەو ژمارە زۆرەى کۆچبەر خۆپیشاندانیان ئەنجام دا و داوای داخستنی کەمپەکانیان کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ئێستادا کەمپی دورگەکان نزیکەى 42 هەزار کۆچبەریان تێدایە کە لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین، لە کاتێکدا ئەو کەمپانە بۆ تەنها شەش هەزار و 200 کەس گونجاون.

زیاتر لەوەش، یۆنان بڕیاری دا بە دروستکردنی بەربەستێکی سەرئاوکەوتوو لە دەریای ئیجە بۆ ڕێگریکردن لە دەربازبوونی بەلەمی کۆچبەران بۆ دورگەکانی.

TMP – 25/02/2020

وێنەگر: دیمیتریس تۆسیدیس

ناونیشانی وێنە: مۆریا، یۆنان، 4ی ئەیلولی 2019، دیمەنی کەمپی مۆریا لە ئاسمانەوە