گەورەترین گروپی کۆچبەرانی نائاسایی دەستگیرکران کە دەیانویست بە دەربەندی ئینگلیزیدا بپەڕنەوە
وەزارەتى ناوخۆی بەریتانیا ڕایگەیاند، ڕۆژی 10ی ئەیلولی 2019، گروپێک دەستگیرکران کە لە 86 کۆچبەری نائاسایی پێکهاتبوون و لە هەوڵدابوون بە دەربەندی ئینگلیزیدا تێبپەڕن، ئەوە زۆرترین ژمارەی کۆچبەرانی نائاساییە کە لە تەنها ڕۆژێکدا دەستگیرکرابن.
هێزەکانى پۆلیسی سنوریی بەریتانیا دەڵێت، بەرەبەیانى 10ی ئەیلولی ئاگادارکراونەتەوە لە چوونی دوو بەلەم بەرەو کەنارئاوەکانى بەریتانیا، سەرجەم ئەو کۆچبەرە نائاساییانە کە 23 کەس بوون لەسەر بەلەمەکانەوە گوازرانەوە بۆ سەنتەرێکی پەنابەرانی کاتی لە بەندەری دۆڤەر بۆ پشکنینی تەندروستی، پاشان نێردران بۆ ناوەندی مانەوەى کۆچبەران، دەوترێت کۆچبەرەکان خەڵکی ئێران و ئەفغانستان و پاکستان و فلیپین بوون.
دەوروبەری نیوەڕۆ، دەست بەسەر دوو بەلەمی تردا گیرا کە 41 کۆچبەری نائاسایی تێدابوون بە ڕەگەز ئێرانی و عێراقی و ئیسوپی و ڤێتنامی.
پاشان بەرپرسان ئاگادارکرانەوە لە گەشتنی دوو بەلەمی تر بە کەناردەریاکان کە 22 کۆچبەری گەیاندبووە کەناردەریا.
بەریتانیا هۆشداری داوەتە کۆچبەرانى نائاسایی کە خۆیان لە ئاوی دەربەندی ئینگلیزی نەدەن چونکە زۆر مەترسیدارە، لە چەند هەفتەى ڕابردوودا، دوو کۆچبەر، ژنێکى ئێران و و پیاوێکی عێراقی، گیانیان لەدەستدا لەکاتی هەوڵدانیان بۆ تێپەڕبوون بە دەربەندەکەدا.
پریتی پاتێڵ، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا وتی، “ڕێگەنادەم گروپە تاوانکارییە دڵڕەقەکانی بەقاچاخبردنی کۆچبەران بەردەوام بن لە خستنەمەترسی ژیانى خەڵکی، هەموو کارێک لە دەسەڵاتمدا بێت دەیکەم بۆ وەستاندنی تێپەڕبوونی کۆچبەران بە ڕێگەى نایاسایی.”
لە میانی کۆبوونەوەى لەگەڵ هاوتا فەڕەنسییەکەى بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چڕکردنەوەى هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەى تێپەڕبوونی بەلەمە بچووکەکان بە دەربەندی ئینگلیزیدا، پریتی پاتێڵ وتیشی، “زۆر لە نزیکەوە و پێکەوە لەگەڵ هاوڕێ فەڕەنسییەکانمان کارمانکردووە بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی بەلەمە بچووکەکان و هەردوولامان هاوڕاین لەسەرئەوەى پێویستە کاری زیاتر بکرێت.”
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی تەلەگرافی بەریتانی، لە ئەمساڵدا هەزار و 200 کۆچبەری تر لەلایەن بەرپرسانى بەریتانیاوە دەستگیرکراون، 500 لەو کەسانە لەنێوان مانگەکانى حوزەیران و ئابدا بوون کە وەرزی هاوینە.
TMP 23/09/2019
Photo credit: Susan Pilcher/Shutterstock
Photo caption: فۆڵکستۆن، کێنت، بەریتانیا. 24ی شوباتی 2019: هێزەکانى سنوریی بەریتانی دەگەڕێنەوە بۆ بەندەری فۆڵکستۆن لەدوای ئۆراسیۆنێک لە هێنانەوە کۆچبەران لە کەناردەریا.
ئەم وتارە شەیر بکە