“پەشیمانم لەوەی بەڕێگەی نایاسایی کۆچم کرد” – کوردێکی گەڕاوە لە ئەڵمانیا

دلاوەر عومەر گەنجێکى خەڵکی ڕەواندزە، لە ساڵی ٢٠١٥ بڕیاریدا ئەو بڕە پارەیەی کە لە کاتی کارکردنی لە سەرتاشخانە دەستی کەوتوە خەرجی بکات لە کۆچکردن بۆ ئەوروپا چونکە لای وابوو کە ئەمە بڕیارێکی زۆر باش دەبێت و ژیانی بە تەواوەتی دەگۆڕێت. لە پاش ساڵ و نیوێک مانەوە لە دەرەوەى وڵات، بڕیاریدا کە بگەڕێتەوە بۆ هەولێر دوای ئەوەی کە بۆی دەرکەوت ئەو شتانەی کە پێی وتراوە لەبارەی ژیان لە ئەوروپا و وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی هیچیان ڕاست نەبوون.

دلاوەر وتی “ئامۆزاکانم لە ساڵی ٢٠٠٨ چوونە ئەڵمانیا، تا ئێستا مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی یان مافی بە هاوڵاتی بوونیان وەرنەگرتوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژیانیان خۆش دەردەکەوێت کە لێرەوە تەماشای دەکەیت. کە ئەوە هۆکارێکى بڕیارەکەم بوو، هەروەها لەپاش کۆنتڕۆڵکردنی موسڵ و چەند ناوچەیەکی فراوانی تری عێراق لە لایەن داعشەوە چیتر هیچ دڵنیاییەکم بۆ داهاتوی خۆم نەدەبینی لە عێراق، ئیتر بڕیارمدا بەو بڕە پارەی کە پاشەکەوتم کردبوو و بەهەرشێوەیەک بێت بگەم بە ئەوروپا.”

لەکاتی باسکردنی گەشتەکەی دلاوەر وتی “قاچاخچییەکە داوای ٨٠٠٠ دۆلاری ئەمریكی کرد کە دەبوو نیوەی پێشەکی بدەم پاشان نیوەکەی تری بدەم کاتێ گەیشتمە ئەڵمانیا. هەروەها پێی وتین کە ئێمە بەختمان هەیە چونکە کەشتی گەورە بۆ کۆچکردن ئامادەیە و ئەڵمانیاش لە دوای یەک مانگ لە گەیشتنمان بەوێ مافی پەنابەرێتی دەدات لەبەر توندوتیژییەکانی داعش لە عێراق. هەموو شتێک باش بوو وە بەوشێوەیە بوو کە بەڵێنمان پێدرابوو هەتا گەیشتین بە ئەڵمانیا”

دلاوەر لە ئەڵمانیا لەگەڵ ١٥٠ کورد و چەندان پەنابەری نایاسایی تر کە لە ئەفغانستان و ئێران و لیبیاوە هاتبوون لە کامپێک دەژیا لە دۆسڵدۆرف. وە پێی ڕاگەیەندرابوو کە دەبێ ناسنامەی عێراقی و پاسپۆرتی خۆی لای کەسێک بشارێتەوە کە لەلایەن قاچاخچییەکەوە پێی ناسێنرابوو و هەروەها هەر زانیارییەکی تر کە دەیسەلمێنێت خەڵکی کوردستانی عێراقە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و مۆبایلەکەی بسڕێتەوە. هەروەها دلاوەر وتی “قاچاخچییەکە پێی وتین کە خۆمان بە کوردی سوری بناسێنین و بڵیین خەڵکی عەفرینین”.

داواکەی دلاوەر ساڵ و نیوێکی پێچوو هەتا ئەو کاتەی لەبەردەم دادگا یەکلایی کرایەوە، وە داواکەی ڕەتکرایەوە لەبەر نەبوونی بەڵگەی تەواو لەسەر ئەوەی کە خەڵکی عەفرینە و ژیانی مەترسی لەسەرە.

دلاوەر چانسی ئەوەی هەبوو کە داوای پێداچوونەوەی بڕیارەکە بدات و چوار تا هەشت مانگ چاوەڕێی وەڵام بکات، بەڵام ئەو خۆی یەکلایی کردبۆوە. دلاوەر وتی “لەپاش ساڵ و نیوێک و خەرجکردنی نزیکەی ١٣٠٠٠ دۆلار بۆم دەرکەوت کە هەموو ئەمانە درۆ بوون، چونکە لەوێ ئامۆزاکانمم بینی و بۆم دەرکەوت ژیانیان چۆنە. یەکێکیان لە شوێنی ئۆتۆمبێل شتن کاری دەکرد و ئەوەی تریشیان لە دوکانێکی پیتزا. دەمتوانی زۆر شت هەیە لە هەولێر بیانکەم و ژیانێکی زۆر باشتر بژیم لەوەی کە بەسەرم برد لەو کامپە و ئەو چاوەڕوانییە دوور و درێژە”.

دلاوەر پاسپۆرتەکەی وەرگرتەوە و بە خواستی خۆی داوای گەڕانەوەی کرد بۆ هەولێر. لە پاش دوو مانگ لە گەڕانەوەی بۆ هەولێر، دلاوەر بە هاوبەشی لەگەڵ هاوڕێیەکیدا دوکانێکی پێداویستی چێشتخانە و کارەباییان کردەوە.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە هەستی چۆنە بەرامبەر بڕیاری گەڕانەوەی دلاوەر وتی “ژیان لە هیچ شوێنێک ئاسان نییە و ئەبێ کاربکەی بۆ ئەوەی ژیانێکی باشت هەبێت. ئێستا ئەم کارەم هەیە لێرە و قازانجێکی باشی لێ دەکەم، ڕاستە ڕۆژانی باش و خراپ هەن بەڵام هەموو کارێک ئەوی تێدایە. هەروەها لە دوای دوو مانگی تر هاوسەرگیری دەکەم. زۆر پەشیمانم لەوەى بەڕێگایەکى نایاسایى کۆچم کرد و ئەگەر ئەو ١٣٠٠٠ دۆلارەم لە گەشتێکی شکستخواردوودا خەرج نەکردبا، ئێستا لەوانە بوو هاوسەرگیریشم کردبا و منداڵیشم هەبووبا”.

بەگوێرەی وتەکانی ساندرا بلاک وتەبێژی ڕێکخراوی کۆچکردنی نێودەوڵەتی (IOM) لە عێراق، زیاتر لە ٢٥٠٠٠ کۆچبەری عێراقی لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٧ لە ئەوروپاوە گەڕاونەتەوە عێراق لەڕێگەی بەنامەی پشتگیری کردنی گەڕانەوەی خۆویستی ڕێکخراوی کۆچکردنی نێودەوڵەتی (IOM).

TMP – 27/07/2018

وێنە: ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (IOM). کۆچبەرێکی عێراقی بە خواستی خۆی لە وڵاتی بەلجیکاوە دەگەڕێتەوە