17 کۆچبەری نائاسایی بەهۆی وەرگەڕانی پاسەکەیان لە نزیک سنوری ئێران-تورکیا برینداربوون

لە پارێزگای وانی تورکیا لە نزیک سنوری ئێران، مینی پاسێک کە 30 کۆچبەری نائاسیی هەڵگرتبوو وەرگەڕا.

بەرپرسانی تورکیا دەڵێن، 17 کۆچبەر لە ڕووداوەکەدا برینداربوون، بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان، کورسی ناو مینی پاسەکە لابراوون بۆئەوەى جێگەی کۆچبەری زیاتر ببێتەوە، سەرجەم پشتێنی سەلامەتی پاسەکە لابراوە و گوێ بە سەلامەتی کۆچبەرەکان نەدراوە، پۆلیسی دەڵێت لێکۆڵینەوەی لەبارەى ڕووداوەکە دەستپێکردووە، تائێستا بەرپرسانی ناوچەکە ناسنامەى کۆچبەرەکانیان ئاشکرانەکردووە.

لە 30 ڕۆژی ڕابردووشدا، ئەوە دووەم ڕووداوی هاوشێوەیە، مانگی ڕابردوو لە هەمان پارێزگا مینی پاسێک وەرگەڕا و تێیدا 17 کۆچبەر و شۆفێرەکە گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 50ی تریش برینداربوون.

بەپێی هەواڵی کەناڵی تی ئاڕ تی تورکی، مینی پاسەکە لە دەشتێکەوە کەوتووەتە خوارەوە بۆ ناو ڕووبارێک، کەناڵەکە گرتەی ڤیدیۆیی ڕووداوەکەى بڵاوکردەوە کە تەرمی کۆچبەرەکان لە شوێنی ڕووداوەکە بڵاوبووەتەوە و تیمی فریاکەوتن هەوڵی ڕزگارکردنی بریندارەکان دەدات.

پارێزگای وان لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا و لە نزیک سنوری ئێران کەوتووەتە ناو ڕێگایەکی بەناوبانگ بۆ تێپەڕبوونی کۆچبەرانی نائاسایی بە تایبەت کۆچبەرانی ئەفغانستان و عێراق و پاکستان و بەنگلادش بەرەو تورکیا و دواتر بۆ وڵاتانی ئەوروپی، تورکیا زۆرترین ژمارەى ئاوارە و کۆچبەرانی لەخۆگرتووە کە نزیکەى چوار ملیۆن کەسن.

هێشتا ئەوە ڕوون نییە کە چارەنوسی ئەو کۆچبەرە بریندارانە چی دەبێت دوای ئەوەى نەخۆشخانە بەجێدەهێڵن.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا، تورکیا کۆنتڕۆڵکردنی ڕێگای کۆچی نائاسایی توندترکردووەتەوە بەهۆی ڕێککەوتنەکەى ساڵی 2016 لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا بۆ ڕێگریکردن لە شەپۆلی کۆچبەران بۆ گەیشتن بە ئەوروپا.

وەزارەتی ناوخۆیی تورکیا دەڵێت، “لە ساڵی 2019دا نزیکەى 165 هەزار کۆچبەری دەستگیرکردووە کە خەڵکی زۆرێک لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقان.”

هەر بەپێی ئامارەکەى وەزارەتى ناوخۆ، لە ساڵی 2018دا، 268 هەزار کۆچبەری دەستگیرکردووە.