کۆچبەرێکى گەڕاوە چیرۆکی گەشتەکەى بۆ ئەوروپا دەگێڕێتەوە

سەرباری خستنەمەترسی ژیانییەوە بۆ گەیشتن بە ئەوروپا، میران گەردی کە کۆچبەرێکى گەنجی کوردە بڕیاری دا بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان. پڕۆژەى کۆچبەر چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ میران ئەنجامداوە لەبارەى مەترسیداری گەشتەکەى بۆ ئەوروپا و بۆچی وازی لە خەونی ئەوروپاش هێناوە.

وەک چەندین کۆچبەرى دیکە کوردی، میران بەهۆى بەڵێنە درۆینەکانى قاچاخچییەکان و ئەفسانە و قسە ناڕاستەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕوی لە ئەوروپا کردووە. لە کۆتایی مانگی ئابی ٢٠١٥، میرانى تەمەن ٢٠ ساڵ لە هەولێر چووەتە تورکیا بۆئەوەى خۆی بگەیەنێتە ئەڵمانیا.

بۆ گەیشتن بە ئەوروپا، میرانی پارەى داوەتە تۆڕێکى قاچاخچییەکان. ئەو دەڵێت، “هەموو قاچاخییەکان لە تۆڕێکدا کاردەکەن. ئەو قاچاخچییەى من قسەم لەگەڵ کرد لە ئەڵمانیا دەژیا، منی ڕادەستى قاچاخچییەکی دیکە کرد لە تورکیا کە ئەویش منی دایە دەستى قاچاخچییەکى دیکە لە بولگاریا و دواتر ئەویش منی دایە دەستى قاچاخچییەکى دیکە لە سربیا.”

میران باس لە گەشتە مەترسیدارەکەى دەکات و دەڵێت، ئێمە بە چەند شتێکى زۆر ناخۆشدا خۆمان گەیاندە ئەڵمانیا.”

بە وەرگرتنى بەڵێنی بریقەدار و درۆ، قاچاخچییەکان بە میرانیان وتووە کە بە پاس و ئۆتۆمبێل دەیانگەیەننە ئەوروپا و تەنها چەند کاتژمێرێک بە پێ دەچن، بەڵام ڕاستییەکەى زۆر جیاواز بوو.

ئەو دەڵێت، “نزیکەى ٥٠ کاتژمێر ڕێمان کرد هەتاوەکو گەیشتینە ئەڵمانیا. بە دارستانە ناخۆش و پیس و باراناوییەکانى بولگاریادا ڕۆشتین. دووجار لەلایەن پۆلیسی بولگاریاوە دەستگیرکراین، زۆریان لێداین و پارەکەیان بردین و ئێمەیان گەڕاندەوە بۆ سنوری تورکیا لە ئەدرنە.”

لە کۆتاییدا میران گەیشتووەتە ئەڵمانیا و داوای مافی پەنابەڕێتی کردووە، بەڵام هەرزوو بۆی دەرکەوتووە کە ئەوە ئەو ژیانە نییە چاوەڕێی دەکرد لە ئەوروپا.

بۆیە ئەو دەڵێت، “خەڵکی ئەڵمانیا باش بوون، بەڵام لە وڵاتێکدا کە دەبێت تەنها چاوەڕێ بکەیت و کار و پارەت نییە و دوریت لە خێزانەکەت، هیچ بژاردەیەکى دیکەت نییە جگە لە گەڕانەوە بۆ نیشتمان.”

میران شەش مانگ لە ئەڵمانیا ماوەتەوە بۆئەوەى وەڵامێکی داواکاری مافی پەنابەرێتى وەربگرێت، بەڵام سەرباری ئەو مەترسییەى کە لەڕێگای کۆچدا بینیویەتى، بڕیاری داوە بگەڕێتەوە بۆ نیشتمان.

لە ساڵی ٢٠١٥ەوە، زیاتر لە نۆ هەزار عێراقی لە ئەڵمانیاوە خۆبەخشانە گەڕاونەتەوە بۆ نیشتمان لەڕێگەى بەرنامەى گەڕانەوەى خۆبەخشانەى ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی.

لەئێستادا میران خاوەنی نوسینگەیەکى گەشتیاری خۆیەتى لە کوردستان. ئەو بە پرۆژەى کۆچبەری وت کە هیواخوازبوو ئەو حەوت هەزار و ٥٠٠ دۆلارەى لەڕێگەى کۆچدا بە قاچاخچییەکانی داوە لە بازرگانیەکەیدا خەرجی بکردایە. سەربازی زیانی ماددی، ئەو خۆشحاڵە کە گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان.

ئەو دەڵێت،”من بڕیارمدا بگەڕێمەوە بۆ کوردستان و داهاتووی خۆم بنیاد بنێم. زۆر بیری خێزانەکەم دەکرد، نەمدەتوانى زیاتر لەوێ بمێنمەوە.

TMP – 09/03/2019

Photo credit: کۆچبەران بە چەندین وڵاتدا تێدەپەڕن لە گەشتی کۆچکردندا بۆ ئەوروپا