سەرباری داخستنی بەهۆی کۆرۆناوە، 170 کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیزیدا دەستگیرکران
لە ڕاگەیەنراوێکدا کە ڕۆژی 25ی ئازار بڵاوکرایەوە، بەرپرسانی پاسەوانی سنوری فەڕەنسا و بەریتانیا دەستگیرکردنی 170 کۆچبەریان لەسەر ژمارەیەک بەلەمی بچوک ڕاگەیاند کە لەهەوڵدابوون نۆکەندی ئینگلیزی ببڕن و خۆیان بگەیەننە بەریتانیا، بەرپرسانی بەریتانیا شەش بەلەمیان دەستبەسەرکرد کە 96 کۆچبەری تێدابوو، بەرپرسانی فەڕەنساش 74 کەسی تریان دەستگیرکرد لەسەر چەند بەلەمێکی تر.
هەرچەندە ئۆپراسیۆنەکان لەکاتێکدا بەڕێوەچوو کە داخستنی گشتیی نیشتمانی لە بەریتانیا سەپێنراوە بەهۆی بڵاوبوونەوەى پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە، بەڵام وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا جەختیکردەوە “ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری ناکاتە سەر هەوڵەکانیان بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى ئەو هەوڵە نهێنییانە و بەردەوام دەبن لە مامەڵەکردن لەگەڵیدا.”
حکومەتى بەریتانیا ڕاشیگەیاند کە هەموو ئەو کەسانەى تازە دەگەنە ئەو وڵاتە پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنایان بۆ دەکرێت.
لەلایەکی ترەوە، ڕێکخراوی Care4Calais کە ڕێکخراوێکی خێرخوازییە و پشتگیری کۆچبەران دەکات لە فەڕەنسا دەڵێت، ئەو کۆچبەرانەى کە ڕێکخراوەکە کاریان لەگەڵ دەکات مەترسییەکی زۆریان لەسەر کە توشی کۆرۆنا ببن بەهۆی کەمی چاودێری و خزمەتگوزاری پزیشکی بۆیان، ڕێکخراوەکە لە فەیسبوکی خۆیان نوسیویانە، “بەهۆی نەبوونی ئاوی پاکەوە، کۆچبەران ناتوانن دەستیان بشۆن و شوێنیان نییە تاوەکو خۆیان بەدور بگرن و خۆیان کەرەنتینە بکەن.”
پڕۆژەى کۆچبەر _ 28/3/2020
وێنەگر: سوسان پیچەر
ناونیشانی وێنە: فۆڵکستۆن، کێنت، بەریتانیا – 24ی شوباتی 2019: هێزی سنوری بەریتانیا لەدوای ئۆپراسیۆنێک بۆ دەستگیرکردنی کۆچبەران دەگەڕێنەوە بۆ بەندەری فۆڵکستۆن.
ئەم وتارە شەیر بکە