لە بۆسنە کۆچبەران خۆپیشاندان دەکەن دژی سوکایەتی بەرپرسانی کرواتیا.. “واز بێنن لە لێدانمان”

ڕۆژی  15ی شوباتی 2020، سەدان کۆچبەر لە یەکێک لە کەمپە قەرەباڵغەکانی بۆسنە خۆپیشاندانیان ئەنجام دا دژی خراپی گوزەران و سوکایەتی بەرپرسانی کرواتیا لە دژیان لەسەر سنور.

لە خۆپیشاندانەکەدا شەڕ و ئاڵۆزی دروستبوو لەنێوان کۆچبەران و پۆلیسی بۆسنە کاتێک هەوڵیان دا لە کەمپی میڕاڵ بچنە دەرەوە کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای بۆسنە و 10 کیلۆمەتر لە سنوری کرواتیاوە دورە.

چەند شایەتحاڵێک بە ڕۆیتەرزیان وتووە کە خۆپیشاندەران لەگەڵ پۆلیسدا بە شەڕ هاتوون و چەند کەسێکیشیان دەستگیرکراون.

کۆچبەرانی خۆپیشاندەر چەند دروشمێکیان دەوتەوە لەوانە “ئازادی”، “پارەکانمان بدەنەوە” و “واز لە لێدانمان بهێنن.”.

زۆرێک لە کۆچبەران و ڕێکخراوە مرۆییەکان بەرپرسانی کرواتیا تۆمەتبار دەکەن بە مامەڵەى خراپ، بەڵام کرواتیا ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە.

کۆچبەرێکی پاکستانی بە ڕۆیتەرزی وتووە، “ئەگەر بچین بۆ سنور، پۆلیسی کرواتیا جلوبەرگ و پێڵاوەکانمان دەسوتێنن، موبایلەکانیشمان دەبەن.”

یەکێکی تر لە کۆچبەران دەڵێت، “پۆلیسی کرواتیا زۆر زۆر خراپن، ئێمە دەمانەوێت سنورەکە بکرێتەوە، تکایە چیتر لێمان مەدەن، جلوبەرگ و پێڵاو و گوێرەوییەکانمان دامەکەنن، ئاخر ئەوان هەمووی دەبەن.”

تەنها لە ساڵی 2019دا، نزیکەى 50 هەزار کۆچبەر لە پاکستان، عێراق، مەغریب و سوریا بە بۆسنەدا تێپەڕبوون، شەش هەزار لەو کۆچبەرانەش لە ئێستادا لەو وڵاتەدا و لە پەناگە و کەمی وێران و کاتیدا ماونەتەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە بەم دواییە و بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەى نێوان وەزارەتى ناوخۆی کرواتیا و دەزگاکانی پۆلیسی بۆسنە لە 13ی شوباتی ئەمساڵ، بەرپرسانی کرواتیا و بۆسنە ڕێککەوتوون لەسەر بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوانیان بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى کۆچکردنی نائاسایی.

TMP – 25/02/2020

وێنەگر: بەڵکانس کات

ناونیشانی وێنە: بەرکاسۆڤۆ، سربیا27ی ئەیلولی 2015: پۆلیسێکی کرواتیا تەماشای کۆچبەران دەکات کە بە سنوری سربیا و کرواتیادا تێپەڕدەبن لە کاتی قەیرانی کۆچبەراندا