کۆمیتەیەکی ئەوروپا هانی یۆنان دەدات دۆخی “نامرۆڤانەى” کۆچبەرانی دەستبەسەرکراو باشتر بکات
ئەنجومەنی کۆمیتەی ئەوروپی بۆ قەدەغەکردنی ئەشکەنجە و ڕەفتاری نامرۆڤانە (سی پی تی) لە ڕاپۆرتێکیدا کە 19ی تشرینی دووەمی 2020 بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، ئەو کۆچبەرانەی دەستبەسەرکراون لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە هەرێمی ئەڤرۆسی یۆنان و دورگەی سامۆس مامەڵەیەکی “نامرۆڤانە و خراپیان” لەگەڵدا دەکرێت.
سی پی تی کە مانگی ئازاری 2020 سەردانی یۆنانی کردووە لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت، کۆچبەرانی دەستبەسەرکراو هێشتا لە زیندانیدا دانراون، ڕوناکی و هەواگۆڕکێی باشی تێدا نییە. بە شێوەیەکی گشتی سیستمی ئاوەڕۆی کەم و ناتەندروستە. کەلوپەلی خاوێنکردنەوەى تەندروستیان پێ نادرێت. چوونەدەرەوەیان زۆر سنوردارە و هەندێکجار هەر ناچنە دەرەوە. زۆرێک لەو شوێنە “زۆر خراپانە” پیاو و ژن و هەندێکجاریش منداڵیان تێدایە.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە گێڕانەوەى چەند کۆچبەرێک داوە کە لە سنوری ڕووباری ئیڤروسەوە لەلایەن هێزە سنورییەکانی یۆنانەوە بەرەو تورکیا پاڵیان پێوە نراوە و گەڕێنراونەتەوە. زیاتر لەوەش، هەندێک لە کۆچبەران راپۆرتیانداوە کە پۆلیس و پاسەوانی کەناردەریاکان بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵ کردوون و شەق و زلـلەیان لێ دراوە.
پڕۆژەی کۆچبەر _ 24/11/2020
خاوەنی وێنە: holwichaikawee
ناونیشانی وێنە: شیشی زیندانییەکی کۆن، بیرۆکەى هێز و پاراستن
ئەم وتارە شەیر بکە