لە ساڵی 2019دا، چوونی کۆچبەران لە تورکیاوە بۆ ئەوروپا دوو هێندە زیاد بووە
لە ساڵی 2019دا، زیاتر لە 70 هەزار کۆچبەر لە تورکیاوە دەربازی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بوون، هەر لە هەمان ئەو ساڵەشدا، 445 هەزار کۆچبەری تر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستگیرکراون.
ڕاپۆرتێکی نهێنی یەکێتی ئەوروپا ئاشکرایکردووە کە ژمارەى ئەو کۆچبەر و پەنابەرانەى ساڵی 2019 لە تورکیاوە چوونەتە ئەوروپا زۆر بەرزبووەتەوە، ژمارەکە لە سەرەتای کانونی دووەم تاوەکو ناوەڕاستی کانونی یەکەمی 2019 تۆمارکراون و بەراورد بە ساڵی 2018، بەڕێژەى 46% زیادی کردووە.
زۆربەى ئەوانەى لە تورکیاوە گەیشتوونەتە ئەوروپا چونەتە یۆنان کە نزیکەى 68 هەزار کۆچبەرن، هەزار و 803 کەسیشیان چوونەتە ئیتاڵیا، 197 کەسیان چوونەتە بولگاریا و 261ی تریشیان بۆ قوبروس.
هەر بەپێی ئامارەکان، سێ یەکی ژمارەکە کۆچبەری ئەفغانی بوون، هاوکات 14%ی سوری، 9.5%ی پاکستانی، 8%ی عێراق و 5%ی تورکی بوون.
ڕاپۆرتەکە باسیشی لە کەمپە زۆر قەرەباڵغەکانی ناو دورگەکانی یۆنان کردووە کە لەئێستادا 35 هەزار کۆچبەری لەخۆگرتووە لەکاتێکدا خۆی تەنها توانای جێگیرکردنی پێنج هەزاری هەیە، بەهۆی بارودۆخی خراپی کەمپەکانیشەوە، لەئێستادا حکومەتى یۆنان دەستیکردووە بە گواستنەوەى کۆچبەران بۆ خاکی سەرەکی.
بەرزبوونەوەى زۆری ئاستی دەربازبوونی کۆچبەران لە تورکیاوە گومانی لە ڕێککەوتنی ساڵی 2016ی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا دروستکردووە کە ئامانجی سەرەکی ڕێککەوتنەکە ڕێگرییە لە دەربازبوونی کۆچبەرانی نائاسایی لە دەریای ئیجەوە، بەپێی ڕێککەوتنەکەش، دەتوانرێت هەموو ئەو کۆچبەرە نائاساییانەى کە لە تورکیاوە دەچنە یۆنان، بگەڕێنرێنەوە بۆ تورکیا.
لە بەرانبەردا، یەکێتی ئەوروپا بڕی شەش ملیار یۆرۆ دەداتە تورکیا وەک کۆمەکی بۆ هاوکاری قەیرانی ئاوارە سورییەکان لە تورکیا هەرچەندە تورکیا داوای پارەى زیاتر دەکات.
لەلایەکی ترەوە، سولەیمانی سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، لە ساڵی 2019دا، 445 هەزار کۆچبەری نائاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستگیرکراون لەکاتێکدا 105 هەزار کەسیان ڕەوانەى وڵاتانى خۆیان کراونەتەوە.
TMP – 16/01/2020
Photo credit: شەتەرستۆک جیۆرگیۆس کریتسۆفشنهس
Photo caption: لیسبۆس، یۆنان، 23ی تشرینی یەکەمی 2017، چەند پەسەکێکی سەلامەتی کە لەلایەن کۆچبەرانەوە بەجێهێڵراوە لە کەنارئاوەکانی میتیلیىنی کەوتوون
ئەم وتارە شەیر بکە