نزیکەى هەزار و 400 پەنابەر لە کەمپێکی قەرەباڵغی دورگەکانى یۆنان دەگوازێتەوە کە هەندێکیان کوردن

دەسەڵاتداران یۆنان دەستیانکرد بە گواستنەوەى پەنابەران لە مۆریا کە کەمپێکی قەرەباڵغە لەسەر دورگەى لیسبۆس، لە مانگی ئەیلولدا، زیاتر لە 600 کەس بە کەشتی نەفەرهەڵگر گوازرانەوە بۆ خاکی سەرەکی یۆنان، بڕیارە نزیکەى 800 کۆچبەری تر بگوازرێنەوە.

لەئێستادا نزیکەى 11 هەزار کەس لە کەمپی مۆریادا دەژین کە پێشتر بنکەیەکی سەربازیی بووە، لەکاتێکدا کەمپەکە بۆ تەنها سێ هەزار کەس دروستکراوە.

ڕێکخراوە مرۆییەکان ڕەخنەیان لە خراپی و دژواری بارودۆخی کەمپی مۆریا گرتووە کە گەورەترین کەمپەی کۆچبەرانە لە یۆنان. خراپی بارودۆخیی تەندروستی و کەمی ئاسایش لە کەمپەکەدا ژیانى کۆچبەرانی خستووەتە مەترسییەکی جدییەوە.

یۆنان وڵاتێکی سەرەکییە بۆ تێپەڕبوونی کۆچبەران لە عێراق و سوریا و ئەفغانستانە بەرەو یەکێتی ئەوروپا، لە ئێستادا هەر پێنج کەمپە سەرەکییەکەى کۆچبەرانی یۆنان قەرەباڵغ بوون و زیاتر لە توانای خۆیان کۆچبەری لەخۆگرتووە.

بڕیاری کەمکردنەوەى ژمارەى کۆچبەران لە کەمپی مۆریا بەشێکە لە وەڵام و ڕێکاری حکومەتى یۆنان بۆ زیادبوونی هاتنی کۆچبەران و لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی حکومەتدا بڕیارەکە دراوە.

هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا، حکومەتى یۆنان پڕۆسەى تانەدانی ئەو کۆچبەرانەی هەڵوەشاندنەوە کە داواکاری مافی پەنابەرێتییان ڕەتدەکرێتەوە و دەنێردرێنەوە بۆ تورکیا، زیاتر لەوەش، یۆنان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای کۆنتڕۆڵی سنوریی یەکێتى ئەوروپا، هێزی سنوریی خۆی بەهێزتر و زیاتر دەکات.

مانگی ڕابردوو، نزیکەى حەوت هەزار کۆچبەری نائاسایی گەیشتوونەتە کەنارئاوەکانى یۆنان کە ئەوەش گەورەترین شەپۆلە لەدوای ڕێککەوتنەکەى تورکیا و یەکێتى ئەوروپا لە ساڵی 2016دا بۆ ڕێگرتن لە شەپۆلی فراوانی کۆچبەران.

هەر بەپێی ڕێککەوتنەکەى 2016، نزیکەى هەزار و 900 کۆچبەر بە زۆر لە یۆنانەوە گەڕێنراونەتەوە بۆ تورکیا، هاوکات لە سێ ساڵی ڕابردووشدا، نزیکەى 17 هەزار کۆچبەر بە خۆشبەخشانە لە یۆنانەوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکانى خۆیان.

ئاری جەلال، سەرپەرشتیاری ڕێکخراوی لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران بە ماڵپەڕی پڕۆژەى کۆچبەری وت، نزیکەى 10 بۆ 20 هەزار کۆچبەری عێراق و کوردستان لە کەمپەکانی یۆنان لە دۆخێکى زۆر خراپدا ژیان بەسەر دەبەن.

“زۆربەى ئەو کەسانە چەند ساڵێکە لە یۆنانن، بەرپرسان ڕێگەیان نادەن وڵاتەکە بەجێبھێڵن، هەندێکیان بە چەند تۆمەتێکی جیاواز لە زینداندان.” ئاری جەلال وای وت.

ئەو داواشی لە حکومەتى هەرێمی کوردستان کرد لەگەڵ بەرپرسانى یۆنان کار بکات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانە.

TMP 23/09/2019

Photo credit: By Dimitris Tosidis ID: 1496135849

Photo caption: مۆریا، لیسبۆس، یۆنان/ 4ی ئەیلولی 2019، دیمەنی کەمپی مۆریا لە ئاسمانەوە