پۆلیسى فەڕەنسا کەمپێکی کاتیی کۆچبەرانى کوردی عێراقی چۆڵکرد

پۆلیسى فەڕەنسا ٥٠٠ کۆچبەری لە کەمپێکی کاتی لە نزیک شاری بەندەری دونکیرک گواستەوە و کەمپەکەى چۆڵکرد کە ٩٥%ی کۆچبەرەکان کوردی عێراق بوون. کۆچبەرەکان، کە ژن و منداڵیشیان تێدایە، بەنیازبوون لەڕێگەى خۆشاردنەوە لە ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرەکانەوە بەرەو بەریتانیا بچن.

بەرپرسانى ناوچەکە بە ئاژانسى AFPیان راگەیاند، ڕۆژی ٦ی ئەیلول، پۆلیس کەمپەکەى چۆڵکرد و سەرجەم کۆچبەرانیان بە پاس گواستەوە بۆ سەنتەرەکانى پێشوازی لە چەند شار و شارۆچکەیەکى ئەو وڵاتە کە تێیدا چانسى ئەوەیان دەبێت داواکاری مافی پەنابەرێتى لە فەڕەنسا پێشکەش بکەن یان دەبرێنە سەنتەرەکانى پۆلیس بۆ لێکۆڵینەوە.

ئیریک ئتینە کە بەرپرسانى خۆجێی ناوچەکەیە بە ئاژانسی AFPی وت، “ئەمانە کۆچبەرانى کوردی عێراقن کە لە دۆخێکی زۆر خراپدا ژیاون. ئەوانەى پێشتر ئاگادارکردنەوەى دیپۆرتکردنەوەیان وەرگرتووە دەبرێنە سەنتەرەکانى دەستبەسەرکردن بۆ ئەوەى بیانگەڕێینەوە وڵاتانى خۆیان یان وڵاتانی دیکەى ئەوروپا.”

ئتینە وتیشى، لەئێستادا نزیکەى ٨٠٠ کۆچبەر لە کەمپی کۆچبەرانى گراندی سینسێ دەژین و چۆڵکردنەکەش بەشێکە لە پلانی حکومەت بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونى شاری هەڕەمەکی لە تەنیشت سنورەکانى بەریتانیا. دروستکردنی ئەم کەمپانەش دژی یاسایە و هەموو ئەوانەى لەم جۆرە کەمپانەدا دەژین پێویستە دەربکرێن.

لە ئۆپراسیۆنەکەدا، زیاتر لە ٢٠٠ پۆلیس بەشداری دەرکردنی کۆچبەران و ڕوخاندنی خێمە و پەناگە کاتییەکانیان کرد. ئۆپراسیۆنەکەش زۆر بە هێمنی و بەبێ زیان بەڕێوەچوو.

بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى ناوخۆی فەڕەنسا، لەئێستادا زیاتر لە ٤٥٠ کۆچبەر لە کەمپی کالاس و نزیکەى ٨٠٠ی دیکەش لە دەوروبەری دونکیرک دەژین.

مانگی ڕابردوو پەرلەمانی فەڕەنسا یاسایەکى نوێی دەرکرد بۆ خێراترکردنی پرۆسەى داواکاری مافی پەنابەرێتى بە کەمکردنەوە کاتەکەی لە ١٢٩  ڕۆژەوە بۆ ٩٠ ڕۆژ. هاوکات دیپۆرتکردنەوەى ئەو کەسانەش ئاسانتر کراوە کە داواکارییەکانیان ڕەتدەکرێنەوە.

TMP – 24/9/2018

دوو پۆلیسى فەڕەنسی