لێبوردنی نێودەوڵەتی: پۆلیسی کرواتیا توندوتیژی مەترسیدار لە دژی کۆچبەران بەکاردەهێنێت

کۆچبەران و پەناخوازان روبەڕووی “بەستنەوە و دواتر لێدان و ئەشکەنجەى دڕاندانە بوونەتەوە” لەسەر دەستی پۆلیسی کرواتیا لەسەر سنوری ئەو وڵاتە لەگەڵ بۆسنە، ئەوەش بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کە ڕۆژی 11ی حوزەیرانی بڵاویکردەوە.

بە قسەى چەند شایەت حاڵێک، نزیکەى نۆ کەس کە جلی هێزی پۆلیسی تایبەتی کرواتیایان لەبەردا بووە تەقەیان بە ئاسماندا کردووە، بە بەردەوامی کۆچبەرانیان فەلاقە کردووە و بە “داری ئاسن و داری کارەبایی و قۆناغە تفەنگ” لێیان داون.

ئەمیر کە خەڵکی پاکستانە بە ڕێکخراوەکەى وتووە، “ئێمە دەپاڕاینەوە بۆئەوەى چیتر لێمان نەدەن و بەزەییان هەبێت، پێشتر ئێمەیان بەستبووەوە، نەماندەتوانی بجوڵێین، زۆر گوناح بوین، هیچ هۆکارێک نەبوو تاوەکو ئەوان بەردەوام لێمان بدەن و ئەشکەنجەمان بدەن.”

لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕەخنەشی لە یەکێتی ئەوروپا گرتووە کە بێدەنگە و “بە ئەنقەست توندوتیژی و سوکایەتییەکان پشتگوێ دەکات.”

پڕۆژەى کۆچبەر _ 16/6/2020

وێنەگر: گۆران جاکوس

ناونیشانی وێنە: بریگانا، سلۆڤینیا – 20ی ئەیلولی 2015: دیمەنی ڕوخساری کوڕە کۆچبەرێکی سوری کە لەلایەن پۆلیسیی سلۆڤینیایەوە لەسەر سنوری کرواتیا ڕێگری لێ کراوە. کۆچبەران چاوەڕێی بەرپرسانن تاوەکو سنور بکەنەوە و تێپەڕ ببن.