هیومان ڕایتس وۆچ: هێزەکانی یۆنان بە شێوەیەکی توندوتیژ کۆچبەران دەگەڕێننەوە تورکیا

ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ هێزەکانی یۆنان تۆمەتبار دەکات بەوەى بە شێوەیەکی توندوتیژ ئەو کۆچبەر و پەناخوازانە دەگەڕێننەوە بۆ تورکیا کە دەیانەوێت بگەنە ئەو وڵات، ئەوەش لە ڕاپۆرتێکدا کە 16ی تەموز بڵاوکراوەتەوە.

ڕاپۆرتەکە پشتی بە چەند چاوپێکەوتنێک بەستووە لەگەڵ کۆچبەراندا. کۆچبەرێکی فەڵەستینی دەڵێت: “ئێمە سێ کاتژمێر بە ڕێگاوە بوین، دواتر ئێمەیان خستە ناو بەلەمێکەوە، بەلەمێکی چوپی  پڕ لە هەوا بوو، ماتۆڕیشی نەبوو.” 

دەشڵێت، “ئێمەیان لە دەریاکە و بە تەنهایی بەجێهێشت، نە خواردنمان پێبوو نە ئاو، دوو شەو ئێمەیان لەو دەریایە بەجێهێشت، منداڵیشمان لەگەڵ بوو.”

کچێکی 15 ساڵی سوریش کە دایک و باوکی لەگەڵدا نەبووە دەڵێت، “بە شێوەیەکی زۆر خراپ گەڕێنراینەوە، جانتاکانی ئێمەیان خستە ناو دەریاکەوە،” ئەو ڕونیشیکردەوە کە “هەموو شتێکیان لێ بردین، مۆبایلەکانمان، ناسنامە و جانتاکانیشمان، هەموو شتێک جگە لە جلەکانی بەرمان، ئێمە زۆر ترساین، هەندێک کەس ڕشانەوە.”

پڕۆژەى کۆچبەر _ 24/7/2020

خاوەنی وێنە: کەمال ئەسڵان

ناونیشانی وێنە: کۆچبەران چاوەڕێ دەکەن بەلەمێک بگرن لە نزیک ئیدرنە و کۆچبەرانی تریش لە بەری یۆنانەوە چاوەڕێ دەکەن، ئەوان دەیانەوێت خۆیان بگەیەننە یۆنان. ئازاری 2020.