لە نێوان ڕق و هاوسۆزیدا؛ کۆچبەران لە ئەوروپا چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت

لەدوای زاڵبوون بەسەر بەربەستە گەورەکاندا بۆ گەیشتن بە ئەوروپا، زۆربەى کۆچبەران هیواخوازن ژیانێکی نوێ بۆ خۆیان دروستبکەن لە وڵاتێک و کۆمەڵگایەکی نوێدا. بەپێی تەمەنیان، شارەزایی زمان، هەڵوێستەکانیان و چەند هۆکارێکی تر کێشەیان بۆ دروست دەبێت بۆ تێکەڵبوون بە دەوروبەرەکەیان، هەروەها کەسانی چواردەوریشیان کاریگەرییان هەبووە لەسەر تێکەڵبونیان، هەندێک لە دراوسێکانیان پێشوازییان لێدەکەن و هەندێکیشیان ڕەتیان دەکەنەوە.

توندڕەوانی ڕاستڕەو

ڕاپۆرتێکی تازە بڵاوکراوەى گروپی میدیایی فونکی ئاشکرای دەکات کە لە ساڵی 2019دا، پەنابەران و پەناخوازان لە ئەڵمانی بوونەتە قوربانی هێرشی توندوتیژی و دەمارگیری لە هەزار و 602 ڕووداودا. لە 118 ڕووداودا، دەرکەوتووە ئەنجامدەران لایەنگری گروپە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان بوون. تەمەقەمەنی، ئاگر و چەند چەکێکی تر کە دەبنەهۆی زیانی گیانی مەترسیدار لە 260 ڕووداویاندا بەکارهاتوون، بە گشتیی 229 پەنابەر لەو هێرشانەدا برینداربوون.

ئولا جێلپک، پەرلەمانتاری ئەڵمانیا دەڵێت، کەشوهەوای کۆمەڵایەتی بە جۆرێکە کە هەموو پەنابەران دەبێت چاوەڕێی ئەو جۆرە هێرشە جەستەیی و زارەکییانە بکەن، بە تایبەت ئەوانەى تازە هاتوون.

هاوسۆزی لەگەڵ کۆچبەراندا

لەلایەکی ترەوە، زۆرێک لە کۆچبەران باس لەوە دەکەن کە هەڵوێستی جوان و پێشوازییان بینیوە لە خەڵکی ئەو وڵاتانەى کە پێی گەیشتوون، بە تایبەت لەم کاتەدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە، هاوسۆرزی بۆ کۆچبەران زۆر زیادیکردووە و بەرچاوە.

ڕێکخراوە مرۆییەکان کە لەگەڵ کۆچبەراندا کار دەکەن داوا لە حکومەتەکانیان دەکەن ڕێکاری خۆپارێزی پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی کۆچبەران. چەند ڕێکخراوێک لە ئیتاڵیا، ئیسپانیا، فەڕەنسا داوای داخستنی ناوەندەکانی پێشوازی کۆچبەران دەکەن وەک ڕێکارێک بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا تیاندا.

هاوکات یەکێتی ئەوروپا داوای لە یۆنان کرد تاوەکو ئەو کۆچبەرانەی لە کەمپە قەرەباڵغەکاندان و مەترسی توشبونیان بە کۆرۆنا هەیە بگوازێتەوە بۆ خاکی سەرەکی ئەو وڵاتە.

یڵڤا جۆهانسن، نێردەی کاروباری ناوخۆیی یەکێتی ئەوروپا بە ڕۆیتەرزی وت، “ئێمە لە نزیکەوە کار دەکەین لەگەڵ حکومەت و بەرپرسانی یۆنان تاوەکو ڕازامەندبن لەسەر پلانێکی بەپەلە تاوەکو یارمەتی کەمکردنەوەى مەترسی بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا لە کەمپەکاندا بکەین و ڕێگر بین لە کارەسات.”

هەروەها حکومەتى یۆنان مافی هاوڵاتیبوونی کاتی بەخشییە سەرجەم کۆچبەران و پەناخوازان، بڕیارەکەش بۆئەوەیە کە دڵنیابن سەرجەم ئەو کەسانە دەتوانن خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان وەربگرن لەم کاتەدا کە وڵات شەری ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات.

پڕۆژەى کۆچبەر _ 5/4/2020

وێنەگر: کۆڵاوات کۆمسری

ناونیشانی وێنە: جنێف، سویسرا – 4ی ئابی 2019: پەنابەرێک لە پارکی جنێف لە سویسراـ،ئەوروپا