یاسای نوێی پەنابەری لە یۆنان توڕەیی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی بەدوای خۆیدا هێنا
دەرکردنی یاسایەکی نوێی پەنابەری لەلایەن حکومەتی یۆنانەوە نیگەرانی لای ڕێکخراوەکانى مافی مرۆڤ دروستکردووە و دەڵێن، ئەو یاسایە هەڕەشە دەکات لە پارێزگاری لە پەنابەران و سنورداری دەکات. بەپێی بڕیارەکەى حکومەتى هەڵبژێردراوی نوێی یۆنان، داواکاری پەنابەریی ناڕاستگۆ دیاریدەکرێن و هاوکار دەبێت بۆ زووتر و باشتر جیاکردنەوەیان.
ڕێکخراوەکانى مافی مرۆڤ دەڵێن، لەکاتێکدا سیستمی پەنابەری پێویستى بە گۆڕانکاری هەیە، لەوانەیە یاساکە کاریگەری خراپی هەبێت بۆسەر دەیان هەزار کۆچبەری ئەفغانی و سوری کە چاوەڕێی وەڵامی داواکارییەکانیانن.
یاساکە دەستگیرکردنی داواکارانی پەنابەری ئاسانتر دەکات و ڕێکارەکانی پڕۆسەى پەنابەرێتی دادپەروەرانە و کارکردنی پەنابەران سنوردار دەکات و مافی تانەدان لە ڕەتکردنەوەی داواکارییەکانیش ناهێڵێت.
لە ڕاگەیەنراوێکی ئاژانسی پەنابەری نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، یاساکە “بارێکی قورس دەخاتەسەر داواکارانی پەنابەری و چەند پێداویستی و داواکارییەک دەخاتە سەرشانی پەنابەران کە بەجێهێنانیان ئەستەمە.”
ئێڤا کۆسێ، توێژەری یۆنانی لە ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ و ڕەخنەگر دەڵێت، “یاساکە هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ ڕێگریگرتن لە پاراستنی پەنابەران و زیادکردنی دیپۆرتکردنەوەیان بەهۆی زۆری گەیشتنی شەپۆلی کۆچبەران نوێ بۆ یۆنان.”
کۆسێ دەڵێت، “لەبری ئەوە، پێویستە حکومەتى یۆنان چارەسەرکردنی قەیرانە مرۆییەکان بکاتە کاری لەپێشینەى خۆی کە ڕێککەوتنی پڕ لە هەڵەى لەگەڵ تورکیا توشی داواکارانی پەنابەری کردووە و دڵنیا ببێتەوە لە دادپەروەری و باشی ڕێکار و سیستمەکە.”
لەدوای شەش ڕۆژ لە ڕاوێژ و گفتوگۆ، ڕۆژی 21ی تشرینی یەکەمی 2019، پڕۆژەیاسا 237 لاپەڕەییەکە نێردرا بۆ پەرلەمان. میکایڵ کریسۆشیۆد، وەزیری پاراستنی مەدەنی یۆنان بە پەرلەمانی وت کە “کات لە بەرژەوەندی ئێمە نییە، بەلەمەکان لە دەریای ئیجەوە دێن، هەر ڕۆژێک بڕوات بەلەمی زیاتر دێن.”
ئەلیکساندرا کۆنستانتیۆ، سەرۆک ئەنجومەنی پەنابەری یۆنان دەڵێت، “دوو ڕێگا هەبوون بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دورگەکان، یەکەمیان بریتی بووە لە بەهێزکردنی سیستمەکە بۆئەوەى توانای زیاتر هەبێت و خەڵکەکە بە شێوازێکی خێراتر و باشتر بگوازرێنەوە، ڕێگای دووەمیان بێبەشکردنی خەڵکە بۆئەوەى نەتوانێت داواکاری مافی پەنابەرێتی پێشکەش بکات کە یاساکە ڕێگای دووەمی هەڵبژاردووە.”
هاوینی ڕابردوو، ژمارەیەکی زۆری کۆچبەران گەیشتنە یۆنان، حکومەتی نوێی موحافزکاری یۆنان هەڵوێستی توندی گرتەبەر لەبارەى قەیرانی کۆچبەران و دەیەوێت تاوەکو کۆتایی ساڵی 2020، زیاتر لە 10 هەزار کۆچبەر دیپۆرتی وڵاتەکانی خۆیان بکاتەوە.
TMP 18/11/2019
Photo credit: ڤەرڤەردیس ڤاسیلی
Photo caption: ساڵۆنیک، یۆنان، 2ی ئەیلولی 2019: پەنابەر و کۆچبەران لە بەندەری ساڵۆنیک دادەبەزن دوای ئەوەى لە کەمپی مۆریاوە گوازرانەوە.
ئەم وتارە شەیر بکە