یۆنان وەزارەتی کۆچکردنی دامەزراند بۆ ڕێگریکردن لە کۆچی نائاسایی
وەک وەڵامێک بۆ زیادبوونی ژمارەى ئەو کۆچبەرانەى لە تورکیاوە دەرباز دەبن، ڕۆژی 15ی کانونی دووەمی 2020، حکومەتى یۆنان وەزارەتێکی سەربەخۆی بۆ کۆچکردن و پەنابەری دامەزراند، پێشتر کاروبارەکانی پەیوەندیدار بە کۆچ و کۆچبەران لەلایەن بەشێکەوە بەڕێوەدەبرا کە سەر بە وەزارەتى پاراستنی مەدەنی بوو.
نۆتیس میتاراکیس، وەزیری تازە دەستنیشانکراو بۆ وەزارەتەکە ڕایگەیاند کە کەمکردنەوەى ژمارەى ئەو کۆچبەرانەى لە ئاوەکانی تورکیاوە دێن کە لە چەند مانگی ڕابردوودا گەیشتووەتە لوتکە ئەرکی لەپێشینەى حکومەت و وەزارەتەکەیەتی.
نۆتیس بە ڕادیۆی فەرمی حکومەتى یۆنانی وت کە “دەستبەجێ جێبەجێکردنی سیاسەت و پلانەکانمان زۆر پێویستە تاوەکو خەڵکەکە بزانێت شتێک کراوە.”
وتیشی،” ئاڕاستەى کار و سیاسەتی ئێمە دیاریکراوە، ئامانجمان سنوردارکردنی شەپۆلی کۆچکردنە کە ئەوەش پێویستی بە بەهێزکردنی ئاسایشی سنورەکانمان و زیاتر ڕێکخستنی بابەتی پەنابەری هەیە بەپێی ئەو یاسا نوێیەی کە ڕۆژی 1ی کانونی دووەمی 2020 دەرکرا.”
نۆتیس هۆشداریشی دا بەو کەسانەى بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن کە “ڕێگای یۆنان داخراوە” بۆ ئەو کەسانەى کە پارێزبەندی نێودەوڵەتییان نییە.
لە لایەکی ترەوە، ستیلیۆس پێتساس، وتەبێژی حکومەتى یۆنان ڕایگەیاند، “حکومەت هەر لە یەکەم ساتی پێکهێنانییەوە، سیاسەتێکی جیاوازی پەیڕەوکردووە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى کێشەى کۆچبەران و پەنابەران، پلانە گشتگیرەکەمان خۆی لە چوار بواردا دەبینێتەوە، پاراستنی سنورەکان، خێراکردنی ڕێکارەکان پەنابەری، خێراکردنی گەڕاندنەوەکان (دیپۆرتکردنەوە) و داخستنی ناوەندەکانی وەرگرتن.”
“ئەوەى لەئێستادا پێویستە خێرا جێبەجێکردنی ئەو پلانەیە.” ستیلیۆس وتی.
بەپێی ڕاپۆرتە ڕێکخراویی و میدیاییەکان، کەمپە زۆر قەرەباڵغەکانی یۆنان زیاتر لە 35 هەزار کەسیان تێدایە لەکاتێکدا خۆی توانای جێگیرکردنی تەنها پێنج هەزاری هەیە، بەهۆی خراپی دۆخی ناو کەمپەکانیشەوە، حکومەتی یۆنانی سەرقاڵە بە گواستنەوەى ئەو کۆچبەرانە لە دورگەکانەوە بۆ خاکی سەرەکی.
TMP – 28/01/2020
Photo credit: ڤیکتۆر لاوەر
Photo caption: ئاڵای یۆنان لەسەر دیوارێکی خشتین لەگەڵ دەرگایەکی داخراوە بە دروشمی “داخراوە”
ئەم وتارە شەیر بکە