پۆلیسی بۆسنە کەمپێکی وێرانەى کۆچبەرانی لە ڤوجاک چۆڵکرد
ڕۆژی 10ی کانونی یەکەمی 2019، دەسەڵاتدارانی بۆسنە کەمپێکی وێرانە و کاتیی کۆچبەرانیان داخست بەناوی “ڤوجاک”، داخستەنەکە دوای فشار و هۆشداری ڕێکخراوە جیهانییەکان هات بۆسەر حکومەتى بۆسنە تاوەکو کۆچبەران لەو کەمپە نەشیاو و پیسە بگوازێتەوە، کۆچبەرانی کەمپەکە بران بۆ شوێنێکی تر لە نزیکی ساراژینۆی پایتەخت کە ئەویش پێشتر بنکەیەکی سەربازی بووە.
زیاتر لە 600 کۆچبەر لە چەند ڕەگەزێکی جیاواز لە دۆخێکی زۆر خراپ و سەختدا لە ڤوجاک دەژیان بەبێ کارەبا و ئاو، پێشتر و لە شەڕی یوگسلافیا لە نەوەدەکانى سەدەى ڕابردوودا کەمپەکە شوێنێ شاردنەوەی خۆڵ و خاشاک بووە و نزیک بووە لە کێڵگەى مین.
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ڕەخنەیان لە حکومەتی بۆسنە گرت و داوایان لە دەسەڵاتداران کرد کەمپەکە دابخەن بەتایبەت لەدوای بڵاوبوونەوەى وێنەی منداڵانی کۆچبەر کە لە وەرزی زستاندا و لەناو بەفردا نەعل و تیشێرتیان لەبەردا بوو.
هەفتەیەک پێش داخستنی، دونجا میجاتۆڤیک، نوێنەری ئەنجومەنى مافی مرۆڤی یەکێتی ئەوروپا سەردانی کەمپەکەى کرد و بە “ئابڕوبەر و نامرۆڤانە” وەسفی کرد و وتی، “ئەگەر ئەمڕۆ کەمپەکە دانەخەین، بۆ سبەینێ مردنی خەڵک لێرە دەستپێدەکات.”
لەژێر پاسەوانی توندی پۆلیسدا، کۆچبەرەکان لە حەوت پاسدا گوازرانەوە و بەرپرسان ڕێگەیان نەدا ڕۆژنامەنوسان ڕوماڵی گواستنەوەى کۆچبەران بکەن و تەنها نوێنەرانی خاکی سور ئامادە بوون.
نەرمینیا چەمەلۆڤیک، بەرپرسی حکومی ناوچەکە ڕایگەیاند، “گرنگترین شت ئەوەیە کە کۆچبەران ڕەزامەندن لێرە بڕۆن.”
بەپێی ئاماری فیدراسیۆنی خاچی سور و مانگی سور، لە 10 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 23 هەزار کۆچبەر ڕوویان لە بۆسنە کردووە، زۆرێک لەوانە لەسەر شەقام و ماڵە کۆن و چۆڵکراوەکاندا دەژین بەهۆی ئەوەى ناوەندەکانى وەرگرتنی کۆچبەران پڕ بوون.
بەپێی خەمڵاندنەکان، نزیکەى هەشت هەزار کۆچبەر لە بۆسنەدان و دەیانەوێت لە کرواتیاوە بچنە وڵاتانی تری یەکێتی ئەوروپاوە، هەندێک لەوانە لە ناوچەى ڤوجاکی سنوریی دەمێننەوە بۆئەوەى دور نەبن لە سنورەکانى کرواتیا.
TMP 18/12/2019
Photo credit: ئاجدین کامبەر
Photo caption: بیهاژ، بۆسنە و هەرسک، 30ی تشرینی دووەمی 2019، کۆچبەر و پەنابەرانی کەمپی ڤوجاک، شوێنەکە نزیکە لە کێڵگەیەکی مینەوە و لە سنوری کرواتیا چەند کیلۆمەتریک دورە. خێمە و خەڵک
ئەم وتارە شەیر بکە