500 کۆچبەری دیکە لە نزیک دورگەکانی یۆنان دەستگیرکران

بەرپرسانی یۆنان ڕایانگەیاند، لە 16 تاوەکو 18ی تشرینی یەکەمی 2019، بەلایەنی کەمەوە 474 کۆچبەر لەناو یان دەوروبەری دورگەکانی بۆنان دەستگیرکراون.

لەئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەران و کۆچبەران گەیشتوونەتە ئەو دورگەیانەی  یۆنان کە کەوتوونەتە سەر دەریای ئیجە، لە ئێستادا حکومەتی ئەو وڵاتە 31 هەزار کۆچبەری لەو دورگانە جێگیرکردووە.

قەرەباڵخی لەڕادەبەدەری کەمپەکانى یۆنان بووەتە مەترسییەکی جدی، کەمپی دورگەی مۆریا 13 هەزار کۆچبەری لەخۆگرتووە لەکاتێکدا خۆی بۆ تەنها سێ هەزار کەس کراوە. ڕێکخراوە مرۆییەکان نیگەرانن و ڕەخنەیان لە دۆخی خراپی کەمپەکە گرتووە بۆ کۆچبەران.

یەکێکی تر لە کەمپە قەرەباڵغەکان لە دورگەی سامۆسە کە بەمدواییانە بەشێکى زۆر بەهۆی سوتانەوە خاپوور بوو، ئاگرەکە نزیکەى 600 کۆچبەری بێ حاڵ و ماڵ کرد.

حکومەتى یۆنان چەند ڕێکارێکی گرتووەتەبەر بۆ چارەسەرکردنی شەپۆلی ئەمدواییەی کۆچبەران و قەرەباڵغی کەمپەکان، زۆرێک لە کۆچبەران  لە دورگەکانەوە دەگوازرێنەوە بۆ خاکی سەرەکی یۆنان.

هەروەها حکومەت پڕۆسەى داواکاری مافی پەنابەری خێراترکردووە و ئەو ماوەیەشی نەهێشتووە کە کۆچبەر دەتوانێت تانە لە بڕیاری ڕەتکردنەوەی بدات، هاوکات ئەو کەسانەش دەنێرێتەوە بۆ تورکیا یان ئەو وڵاتەی لێوەى هاتوون، حکومەت دەیەوێت تاوەکو کۆتایی ساڵی 2020 نزیکەى 10 هەزار کۆچبەر دیپۆرت بکاتەوە.

یۆنان داوای لە یەکێتی ئەوروپا و تورکیا کردووە کاری زیاتر بکەن بۆ کەمکردنەوەى قەرەباڵغی کەمپەکان، بەپێی وتەى بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپاش، چارەسەرکردنی کێشەکە ئەرکی لەپێشینەیانە.

لە ساڵی 2019دا، ژمارەیەکی زۆری کۆچبەران ڕوویان لە وڵاتانی تری باشوری یەکێتی ئەوروپا کردووە، تائێستا نزیکەى 30 هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە ئیسپانیا، نزیکەى هەشت هەزاریش بۆ ئیتاڵیا، ماڵتا و قوبروسیش دووهەزار و 400 کۆچبەریان پێگەیشتووە.

ڕەخنەی جدی گیراوە لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپی بەهۆی شێوازی ڕێکخستن و دابەشکردنی کۆچبەران، فەڕەنسا و ئیتاڵیا داوای سیستمی دابەشکردنی خودکارانی کۆچبەران دەکەن بەسەر وڵاتانی ئەوروپادا بۆئەوەى ئەرکی ئەو وڵاتانە سوک بکەن کە سەرەتای کۆچبەران پێی دەگەن، هاوکات داوا دەکەن سزای ئەو وڵاتانە بدرێت کە ڕەتیدەکەنەوە کۆچبەران وەربگرن.

TMP 11/11/2019

نیکۆڵاس ئیکۆنۆمۆ / شەتەرستۆک

دورگەی لیسبۆس، یۆنان، 29ی ئۆکتۆبەری 2015، کۆچبەران و پەنابەرانی سوری کە لە شەڕ و نەهامەتییەکان ڕایانکردووە لە تورکیاوە بە بەلەم دەگەنە دورگەی لیسبۆسی یۆنان.