هەشت منداڵ لەناو ئەو ٢٣ کۆچبەرەدا بوون کە لە ئاوەکانی یۆنان و تورکیادا خنکان
لە دوو ڕووداوی جیاوازدا، 23 کۆچبەر کە هەشتیان منداڵ بوون بەهۆی نقومبوونی بەلەمەکەیان لە کەنارئاوەکانى تورکیا و یۆناندا خنکان.
ڕووداوی یەکەم لە بەلەمێکدا بوو کە 50 کۆچبەری هەڵگرتبوو و دەیانویست بەرەو ئیتاڵیا بچن، لە ئاوەکانی دورگەی پاکۆس لە یۆنان بەلەمەکە نقوم بوو، یەکێک لەناو بەلەمەکەوە پەیوەندی هاوکاری ناردووە، بەڵام کاتێک پاسەوانانی دەریایی گەیشتوون، 12 لە کۆچبەرەکان خنکاون.
بەپێی ڕاگەیەنراوی پۆلیسی دەریاوانی یۆنان، دوو هێلیکۆپتەر، شەش بەلەمی دەریایی و چوار کەشتی بەشدار بوون لە پرۆسەى ڕزگارکردنی ئەو کۆچبەرانە، زیاتر لە 20 کۆچبەر بە زیندووی دۆزراونەتەوە، سێ لەو کۆچبەرانە چارەسەری پزیشکی بۆ کراوە.
دوای چەند کاتژمێرێک لە ڕووداوەکە، کارەساتێکی تر ڕوویدا، نزیکەى 11 کۆچبەری نائاسایی کە هەشتیان منداڵ بوون، لە کەنار ئاوەکانی چەسمە لە پارێزگای ئیزمیر لە تورکیا گیانیان لەدەستدا، ئەوان لە هەوڵدابوون بە بەلەمەکەیان بگەنە یۆنان بەڵام بەلەمەکەیان نقوم بوو.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی دەریاوانی تورکیا بە ئاژانسی ئەنادۆڵوی وتووە کە “19 کۆچبەر لەناو بەلەمەکەدا بوون، هەشت دانەیان توانیویانە بە مەلە” خۆیان بگەیەننە کەنارئاوەکان و ڕزگارکراون.
ناسنامە و ڕەگەزنامەى زۆربەى کۆچبەران نەزانراوە، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتێکی نهێنی یەکێتی ئەوروپا، زۆربەى ئەو کۆچبەرانەی کە ئەو ڕێگا مەترسیدارە دەگرنەبەر لە تورکیاوە بۆ یۆنان خەڵکی ئەفغانستان و سوریا و عێراقن.
ئاری جەلال، بەرپرسی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری کۆچبەران بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی وتووە کە “دڵنیا بووینەتەوە لەوەى نزیکەى 11 کۆچبەری کورد لەناو ئەو بەلەمەدا بوون، بەڵام بە تەواوەتى دڵنیا نەبووینەتەوە کە چەندیان گیانیان لەدەستداوە.”
دەزگای لوتکە لەسەر پەیجەکەى لە فەیسبوک داوای لە خێزانی کۆچبەران کردووە تاوەکو وێنە و زانیاریی تەواو لەسەر کۆچبەران بنیرن تاوەکو هاوکارییان بکەن بۆ دۆزینەوەى ناسنامە و تەرمی کۆچبەرانی مردوو لە ڕووداوەکەدا.
هاوکات بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، لە نیوەی یەکەمی مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ، 63 کۆچبەر تەنها لە دەریای ناوەڕاستدا خنکاو و بێسەروشوێن بوون.
TMP – 23/01/2020
Photo credit: جۆرگیۆس کریتسۆتاکیس
Photo caption: لیسڤۆس، یۆنان، 23ی تشرینی یەکەمی 2017، هێلەکی سەلامەتی کۆچبەران لە کەنارئاوەکانی میتیلینی بەجێماوە.
ئەم وتارە شەیر بکە