تەنها 1%ی منداڵانی کۆچبەر لە کەمپەکانى یۆناندا چوونەتەبەر خوێندن

وتەبێژی دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە یۆنان ئاشکرایکرد، لەکۆی نزیکەى 12 هەزار منداڵی کۆچبەر کە لە کەمپەکانی دورگەکانى یۆناندا لە دۆخێکی سەخت و دژواردا دەژین، 99%ـیان بێبەشن لە خوێند و نەچوونەتە قوتابخانە.

بۆرس چیشیرۆکس، وتەبێژی دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە یۆنان دەڵێت، “دەرفەتی خوێندن لە کەمپەکانی یۆنان کێشەیەکی زۆر گەورەیە.”

ئەو جەختیکردەوە کە منداڵان لە دۆخێکی ناهەموادان و پێویستە لەناو پۆلەکاندا بن، بەڵام “کۆمەڵێک گرفتی وەک نەبوونی مامۆستای پێویست و گواستنەوە” بێبەشی کردوون لە دەرفەتی چوونە بەر خوێندن و قوتابخانەکان.

ئەو منداڵانەى کە وتەبێژەکەى دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە یۆنان ئاماژەی بۆ کردووە بەسەر پێنج کەمپی دورگەکانى یۆناندا و لەسەر ئاوی دەریای ئیجە دابەشبوون کە ئەوانیش بریتین لە “لیسبوس، چییۆس، سامۆس و لێریۆس و کۆس” کە بە تێکڕا 40 هەزار کۆچبەری لەخۆگرتووە.

بۆرس چیشیرۆکس نمونەى خێزانێکی لە کەمپی لیسبۆس هێناوەتەوە کە لە خێمەیەکی کاتی زۆر خراپدا دەژین کە سەقفەکەى لە پلاستیک دروستکراوە و کردوویەتی بە نمونەى ئەو دۆخە خراپەى کە خێزانەکان ڕوبەڕووی دەبنەوە.

ئەو دەڵێت، “چوار مانگ پێش ئێستا سوریایان بەجێهێشتووە دوای ئەوەى خانووەکەیان خاپور بووە، سێ منداڵیان هەیە کە تائێستا نەچوونەتە خوێندن چونکە لە سوریا منداڵ بوون، باوکیان ناوی ئیبراهیمە و تەمەنی 49 ساڵە و دەیەوێت منداڵەکانى بخاتە بەر خوێندن بەڵام ناتوانن بچن.”

هاوکات یەکێتی ئەوروپا ئاشکرایکرد، لەمساڵدا زیاتر لە 70 هەزار کۆچبەر لە تورکیاوە دەربازی وڵاتانی ئەوروپی بوون، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، 46% دەربازبوونی کۆچبەرانی بۆ یۆنان زیادی کردووە، نزیکەى 68 هەزار لەو کۆچبەرانەى کە لە تورکیاوە دەربازی یۆنان بوون ئێستا لە کەمپەکاندا دەژین.

لەئێستادا نزیکەى 40 هەزار کۆچبەر لەو دورگانەدا لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین، حکومەتى یۆنانیش ڕایگەیاند کە پلانی داخستنی نزیکەى سێ لەو کەمپانەى هەیە کە زۆر قەرەباڵغ بوون بەهۆی زۆری کۆچبەرانەوە.

TMP 23/12/2019

 ڤەرڤەردیس ڤاسلیلیس

 ئیدۆمی، یۆنان، 24ی ئەیلولی 2015. سەدان کۆچبەر لە چاوەڕوانیدان لەنێوان سنوری یۆنان و مەکدۆنیا چاوەڕێی کاتی چوونیان دەکەن.