پۆلیسی دەریاوانی فەڕەنسا نۆ کۆچبەری دەستگیرکرد کە لە هەوڵدابوون بە دەربەندی ئینگلیزیدا بپەڕنەوە
ڕۆژی شەممە، 19ی ئایاری 2019، پۆلیسی دەریاوانی فەڕەنسا دەستیگرت بەسەر بەلەمێکى بچوکدا کە نۆ کۆچبەری تێدابوو و بەنیاز بوو بپەڕنەوە بە دەربەندی ئینگلیزیدا، هەشت لە کۆچبەرەکان پیاو بوون و یەکێکیان منداڵ، ئەوان وەک ئێرانی خۆیان ناساند و گەڕێنرانەوە بۆ فەڕەنسا.
هێزێکى سنوریی فەڕەنسی بەلەمەکەى لە دوری 25 کیلۆمەتر لە کەنارئاوەکانى کاڵێ دۆزییەوە، کۆچبەرەکان گەڕێنرانەوە و ڕادەستى بەرپرسانى سنوریی کرانەوە، منداڵەکە بەدەست نزمبوونەوەى پلەى گەرمی لەش دەیناڵاند.
پۆلیسی سنوریی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، “فەرماندەیی دەریایی لە دەربەند و دەریای باکور هۆشداری داوەتە کۆچبەران بە دەربەندی ئنگلیزیدا تێپەڕنەبن کە یەکێکە لە قەرەباڵغترین ناوچەکانى جیهان چونکە مەترسیدارە بۆسەر ژیانى مرۆڤ.”
لە مانگی تشرینی یەکەمی 2018ەوە، ژمارەى ئەو کۆچبەرانەى هەوڵیانداوە بە دەربەندی ئینگلیزیدا تێپەڕبنن زیادیکردووە سەرباری مەترسییەکانی وەک قەرەباڵغی جموجوڵی کەشتییەکان و نزمی پلەى گەرمای ئاوەکە.
هاوکات کۆچبەران لەڕێگەى تونێلەکانەوە دەیانەوێت خۆیان بگەیەننە بەریتانیا لەڕێگەى خۆشاردنەوە لە بارهەڵگرەکاندا.
لەکۆتاییدا کۆچبەران پارەیەکى زۆر دەدەنە قاچاخچییەکان بۆئەوەى یارمەتییان بدەن بە شێوەیەکى نایاسایی بگەنە بەریتانیا، لە نوێترین ڕاپۆرتی دەزگای تاوانی نیشتمانی بەریتانیادا هاتووە، ڕێکخراوە تاوانکارییەکان زۆر چالاکن لە کەمپەکانى کاڵێ و ئەوانی تردا، ئەوان لەگەڵ گروپەکانى تر کار دەکەن تاوەکو پارەى کاش لە کۆچبەرە داماوەکان وەربگرن، بەپێی بەدواداچوونەکان، هەر کۆچبەرێک زیاتر لە 13 هەزار جونەی ئەستەرلینی دەداتە قاچاخچییەکان تاوەکو بیگەیەنێتە بەریتانیا.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت، “بەپێی ڕێککەوتنى نێوان فەڕەنسا و بەریتانیا و بەلجیکا، هێزی کۆنتڕۆڵی سنوریی ڕێگری لە پەڕینەوەى کۆچبەران دەکات کە بەشێوەیەکى نایاسایی بپەڕنەوە بۆ بەریتانیا.”
بەپێی ڕێککەوتننامەى دوبلن، کۆچەبەران تەنها دەتوانن لەو وڵاتە ئەوروپییە داوای مافی پەنابەری بکەن کە یەکەمجار پێی دەگەن، لە مانگی کانونی دووەمیشیەوە، بەریتانیا زیاتر لە 30 کۆچبەری گەڕاندووەتەوە بۆ فەڕەنسا و چەند وڵاتێکى تری ئەوروپی.
هەروەها بۆ زیاتر توندکرنەوەى ئاسایشی سنورەکان لە هەردوو بەری دەربەندی ئینگلیزیدا، بەرپرسانى بەریتانیا هەڵمەتی دەستگیرکردنی قاچاخچییەکانیان دەستپێکردووە، بەپێی ڕاپۆرتی دەزگای نیشتمانی تاوانى بەریتانیا، لەم مانگانەى دوایدا، دەیان قاچاخچی کۆچبەران دەستگیرکراون بە تۆمەتی خستنەمەترسی ژیانى کۆچبەران و ئاسانکاری بۆ چوونەناو بەریتانیا بە ڕێگەیەکى نایاسایی.
TMP – 03/06/2019
Photo credit: کەنارئاوەکانى فەڕەنسا
Photo caption: هێزی سنوریی فەڕەنسا لە ئۆپراسیۆنێکدا بۆ ڕزگارکردنی نۆ کۆچبەری ئێران، 19ی ئایاری 2019
ئەم وتارە شەیر بکە