پەنابەرانی کورد بە بیانووى “کافر”بوون هێرشیان دەکرێتەسەر

کۆچبەرانی کورد لەلایەن پەنابەرانی ترەوە لە کامپی مۆریا لە دوورگەی لێسبۆسی یۆنان هێرشیان کرایەسەر. وەکو ئەوەى ڕاگەیەندرابوو هۆکاری پێکدادانەکە پەیوەندی بە بەڕۆژوو نەبوونی کۆچبەرە کوردەکانەوە هەبوو لە مانگی ڕەمەزان.

بە پێی ڕاپۆرتێکى کەناڵى ڕووداو، بەشێک لە کۆچبەرانی سوریا و عێراق و یەمەن و جەزائیر هێرشیان کردەسەر خێزانە کۆچبەرە کوردەکان لە کامپەکە بە بیانووی “کافر بوون” و بە ڕۆژوو نەبوون لە مانگی ڕەمەزاندا.

لە ڕاپۆرتە بەراییەکاندا هاتبوو کە سێ کەس گیانیان لە دەستداوە لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا. بەڵام دواتر ڕاگەیەندرا کە ١٥ کەس لە ئەنجامی هێرشەکە بریندار بوون و ١٠ کەسیان برینەکانیان زۆر سەخت بووە. پۆلیس و یەکە فریاگوزارییەکان بانگکران بۆ شوێنی ڕووداوەکە بۆ ئەوەی ئاڵۆزییەکان بوەستێنن و بریندارەکان بگوازنەوە بۆ بنکە تەندروستییەکان.

لە پاش پێکدادانەکە بە سەدان کۆچبەری کورد کامپەکەیان بەجێهێشت و بەمەبەستى پاراستنیان گوازرانەوە بۆ کامپێکی تر لە میتیلینی پایتەختی لیسبۆس. چەندان ڤیدیۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە کە تیایدا خێزان و منداڵە کوردەکان شوێنەکانیان دەگوازنەوە بۆ کامپە نوێیەکە سەرەڕای ڕاپۆرتی ڕێکخراوە ناحکومییە یۆنانیەکان کە کامپەکانی میتیلین شوێنیان نیە بۆ وەرگرتنى پەنابەری زیاتر.

زۆر کات پێکدادان لە لە نێوان پەنابەرانی کامپەکاندا ڕادەگەیەنرێت، چونکە دەسەڵاتداران جیاکاری بۆ نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان ناکەن و پەنابەرە تازە گەیشتووەکان بە بێ جیاوازی بەسەر کامپەکاندا دابەش دەکەن، ئەمەش وایکردووە زۆر جار پێکدادان ڕووبدات. ئەوەش ڕوون نییە کە ئایا دەسەڵاتداران زانیاری زمانەوانی و کلتوری تەواویان هەیە لەسەر ئەو هەستیارییەى کە لە نێوان کۆچبەر و پەنابەرە تازە گەیشتووەکاندا هەیە کە لە ئاین و نەتەوەى جیاوازەوە هاتوون و کۆچیان کردووە بۆ ئەو وڵاتە.

دایکێک کە خەڵکى عەفرینە قسەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا کردووە و ووتوویەتى کە ئەوان هیچ کێشەیەکیان نییە لەگەڵ پەنابەرانی تری ناو کامپەکە. بە پێی ووتەکانی ئەو وادەرکەوتووە کە هێرشەکە پێشتر پلان بۆ داڕێژراو بووبێت، و پێکدادانەکە لە لایەن کۆمەڵە کەسێکەوە دەستی پێکردووە کە لەدەرەوی کامپەکەوە هێنرابوون و پێشتر هیچ کام لەو کەسانەی نەبینیووە، و بەشێک لە هێرشبەران دەمووچاویان داپۆشراو بووە.

ئێستا نزیکەی ٥٠٠٠ پەنابەر لە مۆریا و کامپێکی دی نیشتەجێن، نزیکەی ٣٠٠٠ پەنابەریان هێشتا چاوەڕێی دەسەڵاتدارانن بۆ ئەوەی چارەنوسیان دیاری بکەن. وەک بەشێک لەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپادا هەیە بۆ سنووردارکردنی لێشاوی کۆچى پەنابەران بۆ ئەوروپا، ئەو پەنابەرانەی کە مافی پەنابەرێتی وەرناگرن لە دوورگەکانی یۆنانن دەبێت بگەڕێنرێنەوە بۆ تورکیا.

پرۆسەی بەخشینی مافی پەنابەرێتی پڕۆسەیەکی زۆر دوور و درێژە و کاروبارى ڕۆتینی و ئیدارى زۆر لەخۆ دەگرێت، ئەمەش وادەکات کە پەنابەران بۆ چەندەها مانگ لە ناو کامپەکاندا بهێڵرێنەوە.

TMP – 27/06/2018