کەمپەکانی کۆچبەران لە یۆنان شوێنێکی لەبارن بۆ خێرا بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا.. شارەزایان هۆشداری دەدەن

بەهۆی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا و بوونی بە پەتایەکی جیهانی، ڕێکخراوە مرۆییەکان نیگەرانی جدی دەردەبڕن لەبارەى ئەو کۆچبەرانەى کە لە کەمپە قەرەباڵغەکانی یۆناندا  دەژین. 

بەهۆی کەمی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، شارەزایان کەمپەکان “بەشێوێنێ زۆر لەبار بۆ بڵاوبوونەوەى خێرای کۆرۆنا” وەسف دەکەن.

فلۆریان وێستفال، سەرۆکى ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنور لە ئەڵمانیا بە کەناڵی DWی ئەڵمانی وت، “ترسی گەورەى ئێمە ئەوەیە کە ئەو خەڵکە ناتوانن خۆپارێزی پێشوەختە ئەنجام بدەن بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.”

یەکێک لە ڕێنمایی و ئامۆژگارییە سەرەکییەکان بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسەکە زۆر شۆردنی هەردوو دەستە، بەڵام بە قسەى وێستفاڵ، کەمپی مۆریا سابونی تێدا نییە و دەڵێت، “لە هەندێک شوێنی کەمپەکە، تەنها یەک وێستگەی ئاو هەیە بۆ هەزار و 300 کەس.”

وەک وێستفال وەسفی دەکات، کەمی تیمی پزیشکی مایەی نیگەرانییەکی زۆرە، ژمارەى پزیشک و کارمەندانی کەمپەکە زۆر کەمە و بەشی ئەو خەڵکە ناکات، “ئێمە لە ئێستادا نازانین چۆن چارەسەری دۆخەکە دەکرێت.”

قەرەباڵغی زۆر دەبێتەهۆی زووتر بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە، لەئێستادای زیاتر لە 41 هەزار کۆچبەری نائاسایی لە پێنج کەمپەکەى سەر دورگەکانی دەریای ئیجەدان لەکاتێکدا ئەو کەمپانە تەنها بۆ شەش هەزار کەس کراون.

بۆ ڕێگریشی لە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە لە کەمپەکاندا، بەرپرسانی یۆنان چەند ڕێکارێکی خۆپارێزییان داناوە و دەرچوون و چوونەژوورەوەیان بۆناو کەمپەکان سنوردارکردووە، ئەوانەى لە کەمپەکەدان تەنها بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت ڕێگەیان پێ نادرێت بچنە دەرەوە، ئەویش تەنها لە کاتژمێری 7ی بەیانییەوە تاوەکو 7ی ئێوارە.

نۆتیس میتاراچی، وەزیری کۆچکردنی یۆنان ڕایگەیاند، “سەردانی کەسانی ئاسایی یاخود ڕێکخراوەکانەوە بۆ ناو کەمپەکان بۆ ماوەى 14 ڕۆژ ڕاگیراوە، تەنها بەرپرسانی ستافی بەڕێوەبردنی کەمپەکان دەتوانن سەردانی بکەن، ئەوانیش پشکنینی پلەى گەرمی لەشیان بۆ دەکرێت.”

 

پڕۆژەى کۆچبەر _ 20/3/2020

وێنەگر: نیکۆڵاس ئیکۆنۆمۆو

ناونیشانی وێنە: وێنەی ئاسمانیی کەمپی پەنابەرانی مۆریا و شوێنی نیشتەجێبوونی کاتی کۆچبەران لە دەوروبەری کەمپەکە، نزیکەى 24 هەزار کۆچبەر و پەناخوازی تێدایە و لە دۆخێکی خراپدان. 19ی شوباتی 2020-کەمپی مۆریا، دورگەی لیسبۆس، یۆنان.