فەڕەنسا؛ کۆرۆنا لە هەڵکشاندایە بەڵام هێشتا کۆچبەران لە دەرەوە دەخەون

سەرباری بڵاوبوونەوەى بەرفراوانی کۆرۆنا لە فەڕەنسا و داخستنی شارەکان و بوونی قەدەغەی هاتوچۆ، هێشتا سەدان کۆچبەر و پەناخواز لەو وڵاتە لەسەر شەقامەکان دەخەون.

بەهۆی هۆشداری ڕێکخراوە مرۆییەکانیش لەبارەى خراپی و دژواری دۆخی کۆچبەرانی بێلانە و ماڵ، بەرپرسان دەستیانکرد بە گواستنەوەى دانیشتوانی یەکێک لە کەمپە کاتییەکانی نزیک پاریس بۆ چەند ئوتێل و ناوەندێکی وەرزشی، هەرچەندە زیاتر لە 700 کۆچبەر گوازرانەوە، بەڵام هێشتا سەدان بەڵکو هەزاران کۆچبەری تر لەسەر شەقامەکان ماون و دەخەون.

بارودۆخەکە زیاتر خراپتر و پڕ ئاڵنگارییە بۆ کۆچبەران لە باکوری ئەو وڵاتە. لە کاڵێ، کۆچبەران “لە دۆخێکی تەواو ناتەندروستدا” دەژین، ئەوەش بەپێی ڕاپۆرتێکی فێرگاڵ کیانی، پەیامنێری بی بی سی لە کاڵێ.

دانیشوانی کەمپەکە زۆر لە نزیک یەکترەوە نیشتەجێبوون و بە ڕێژەیەکی زۆر سنورداریش دەستیان بە خزمەتگوزاری تەندروستی و خواردن دەگات، زۆرێک لە ڕێکخراوە مرۆییەکانیش خزمەتگوزاری و هاوکارییەکانیان بەهۆی ڕێکارەکانی کۆرۆناوە ڕاگرتووە، ئەوەش دۆخی کۆچبەرانی ئەوەندەى تر خراپ کردووە.

تاوەکو ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ی نیسانی 2020، فەڕەنسا 150 هەزار حاڵەتی کۆرۆنای تۆمارکردووە، هەروەها ژمارەى مردووانیش 19 هەزاری تێپەڕاندووە.

پڕۆژەى کۆچبەر _ 19/4/2020

وێنەگر: ئایفۆکس

ناونیشانی وێنە: پاریس، فەڕەنسا – 4ی تەموزی 2020: کەسێکی بێلانە لەژێر خێمەیەکدا لە نزیک پارکێکی گشتییەوە دەخەوێت.