یۆنان 96 کۆچبەری ناو یەختە نقومبووەکەى لە دەریای ئیجە ڕزگارکرد

ڕۆژی 26ی ئابی 2020، هێزە دەریاییەکانی یۆنان 96 کۆچبەریان ڕزگارکرد دوای ئەوەى یەختەکەیان لە ڕۆژئاوای دورگەى هاڵکی لە دەریای ئیجە نقوم بوو.

ژمارەى ڕاستەقینەی کۆچبەرانی ناو یەختەکە نەزانراوە، بەڵام بەپێی هەواڵی ئاژانسی یورۆنیوز، زۆربەى ئەو کۆچبەرانە کە ژن و منداڵیشیان تێدایە جاکەتی سەلامەتییان نەپۆشیبوو.

زۆربەى ڕزگارکراوەکان ڕەوانەى ناوچەى ڕۆدیس کران لە یۆنان، تەنها 19 کەسیان نەبێت کە لەلایەن کەشتییەکانی هێزی دەریایی تورکیاوە ڕزگارکرابوون. هاوکات سێ لە ڕزگارکراوەکان دەستگیرکران بە تۆمەتی ئەوەى قاچاخچی بوون.

چوار بەلەمی هێزی دەریایی، بەلەمێکی فریاگوزاری و کەشتییەکی هێزی دەریایی و پێنج کەشتی بچوک و دوو هێلیکۆپتەر لە ئۆپراسیۆنەکەدا بەشدارن کە هێشتاش بەردەوامە، ئەوەش بەپێی لێدوانی وەزارەتی دەریایی یۆنان.

 

پڕۆژەى کۆچبەر _ 29/8/2020

خاوەنی وێنە: ئێمیلیا کاتسۆولی

ناونیشانی وێنە: جاکەتێکی سەلامەتی کە ئاوی دەریا فڕێی داوەتە کەنارئاوەکانی یۆنان