پۆلیسی یۆنان گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا بۆ بڵاوەپێکردنی سەدان خۆپیشاندەری منداڵ

ڕۆژی 4ی ئەیلولی 2019، سەدان منداڵ لە کەمپێکی کۆچبەران لە یۆنان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و لەلایەن پۆلیسەوە بە گازی فرمێسکڕێژ بڵاوەیان پێکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵیی فەرمی حکومەتى یۆنان ANA، 300 کۆچبەری منداڵی بێسەرپەرشت لە کەمپی مۆریا خۆپیشاندانیان کرد و داوایانکرد لە دورگەکەوە بگوازرێنەوە بۆ خاکی سەرەکی یۆنان، ئەوەش دوای ڕۆژێک بوو کە بەرپرسانى یۆنان هەزار و 400 کەسیان گواستەوە بۆ باکوری یۆنان کە زۆربەیان خێزانە ئەفغانییەکان بوون.

پرۆسەى گواستنەوەى کۆچبەران ڕێکارێک بوو لە بەرانبەر زیادبوونی شەپۆلی هاتنی کۆچبەرانى نائاسایی بۆ یۆنان لە مانگی ئابدا.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو کۆچبەرانەى کە گوازراونەوە بۆ خاکی سەرەکی یۆنان دەڵێن دۆخی ژیانیان خراپتر بووە، سازان کە کچێکی کۆچبەری ئەفغانی 20 ساڵانە بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە، “ئێمە بە هیوای ژیانێکى باشتر کەمپی مۆریامان بەجێهێشت، بەڵام دۆخمان خراپتر بوو لێرە.”

بەمدواییە نزیکەى هەزار کۆچبەری ئەفغانی لە دورگەى لیسبۆسەوە گوازراونەتەوە بۆ خاکی سەرەکی یۆنان، هەندێکیان براون بۆ کەمپی نیک کاڤالا لە نزیک شاری ساڵۆنیک لە باکوری ئەو وڵاتە، نیشتەجێبووەکانى ئەو کەمپە دەڵێن ئاو و کارەبا و خێمەیان کەمە و بەشییان ناکات.

محەمەد نور بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە، “ئێمە پێمانوابوو کە کەمپی مۆریا خراپترین وێستگەی ئێمەیە، پێیان وتین بە شێوەیەکی کاتی لێرە دەبەن بەڵام ئەمە دوو ڕۆژە لێرەین و دۆخیشمان باش نییە.”

دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، تا کۆتایی مانگی ئاب، نزیکەى 11 هەزار کۆچبەر و پەنابەر لە کەمپی لیسبۆسدا نیشتەجێ بوون، هەروەها کەمپی مۆریاش تەنها شوێنێ سێ هەزار کەس دەبێتەوە.

لەئێستادا یۆنان نزیکەى 70 هەزار کۆچبەر و پەنابەری لەخۆگرتووە، بەهۆی زۆربوونی شەپۆلی هاتنی کۆچبەرانەوە، بڕیاری داوە پڕۆسەى دیپۆرتکردنەوە خێراتر بکات. 

TMP – 27/09/2019

Photo credit: ڤەرڤەردیس ڤاسلیلی / ماڵپەڕی شەتەرستۆک

Photo caption: زە ساڵۆنیک، یۆنان، 5ی نیسانی 2019، کۆچبەران لەگەڵ پۆلیسی چالاکە مەدەنییەکان بە شەڕ هاتوون لە دەرەوەى کەمپی کۆچبەرانی دیاڤاتا.