کۆچبەرانی لێدراو سەربازانی یۆنان تۆمەتباردەکەن بە لێدان و ئەشکەنجەدانیان

کۆمەڵێک کۆچبەر باس لەوە دەکەن کە لەلایەن سەربازانی یۆنانەوە لێیاندراوە و ئەشکەنجدراون و دواتر بە زۆر گەڕێنراونەتەوە بۆ تورکیا.

هاوکات سەربازانی یۆنان تۆمەتبار دەکەن بە بردنی ئەو موبایل و پارانەی کە پێیان بووە، بەپێی هەواڵی ئاژانسی ئەنادۆڵوی تورکیا، ئەو کۆچبەرانە لە پارێزگای ئیدرنە و لەلایەن یەکەی پاسەوانی تورکیاوە ڕزگارکراون.

موسەدیق جاویدی 31 ساڵ کە خەڵکی پاکستانە بە ئەنادۆڵوی وتووە کە ئەوان گروپێکی 18 کەسی بوون، دوای ئەوەى گەیشتوونەتە شاری خینسای یۆنان، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون و دواتر ڕادەستی سەربازانی سوپا کراونەتەوە.

ئەو دەڵێت، “چوار ڕۆژ لە یۆنان ماینەوە و هەرکاتێک داوای خواردنمان بکردایە لێیان دەداین.”

ئاماژەى بەوەشکرد، “سەربازەکان منیان بە چاوبەستراوی بردە ژوورێک و جگەرەیەکیان لەسەر دەستم کوژراندەوە و دایان لە قاچم.”

هاوکات محەمەد نەینیا کە کۆچبەرێکی مەغریبییە و لەگەڵ گروپێکی تردا چووەتە یۆنان باس لەوە دەکات کە پۆلیسی یۆنان 700 یۆرۆ و موبایلەکەیان بردووە.

ئەو کە جەستەى بەهۆی لێدانەوە شین بووەتەوە دەڵێت، “20 کەسیان لە ئێمە خستە ناو بەلەمێکەوە و بە دار دایان لە سەرمان و وتیان لە ڕووبارەکەوە بپەڕنەوە.”

وتیشی، “ئەوان تەنانەت جلەکانیشیان بردین، دوای ئەوەى گەیشتینە تورکیا چەندین کیلۆمەترمان بە پێ بڕی تاوەکو گەیشتینە گوندێک، خەڵکی گوندەکە جلیان پێداین.”

بەپێی ئاماری وەزارەتى ناوخۆی تورکیا، لە 10 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 25 هەزار و 404 کۆچبەر لە یۆنانەوە گەڕێنراونەتەوە بۆ تورکیا کە بەراورد بە ئاماری ساڵی ڕابردوو زیادیکردووە کە 11 هەزار و 867 کۆچبەر بوون.

یۆنانیش ژمارەیەکی زۆر کۆچبەری لەخۆگرتووە، زیاتر لە 35 هەزار پیاو و ژن و منداڵ لە پێنج دورگەى ئیجە نیشتەجێکراون و لە ژیانێکی زۆر سەخت و مەترسیداردا دەژین کە خۆی تەنها بۆ شەش هەزار کەس گونجاوە.