قاچاخچییەکان بەرپرسن لە ٥٠٪ی ئەو زیانانەی کە بەرامبەر کۆچبەران دەکرێت

قاچاخچییەکان بەرپرسن لە ٥٠ لە سەدی ئەو ڕووداوانەی کە بەسەر کۆچبەراندا دێت لە تووندوتیژی سێکسی، تووندوتیژی جەستەیی، دزی لێکردن و فڕاندن بە پێی ڕاگەیەندراوی سەنتەری کۆچبەرانی تێکەڵاو لەمەڕ شیکردنەوەی زیاتر لە دە هەزار چاوپێکەوتن لەگەڵ پەنابەران و کۆچبەران. لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠١٨ی سەنتەری کۆچبەرانی تێکەڵاو ئەوە دۆزرایەوە کە سیاسەتی توند و ڕێگر گۆڕانکاری لە ویستی خەڵک ناکەن بۆ کۆچکردن بەڵکو گۆڕانکاری لە هەڵبژاردەکانیان دەکەن بۆ چۆنیەتی کۆچکردن.

برام فروۆس سەرۆکی سەنتەری کۆچبەرانی تێکەڵاو وتی “لە جیاتی کەمکردنەوەی کۆچکردنی نایاسایی، هەوڵەکانی یاسا زیاتر بەو لایەنەدا دەڕۆن کە وا لە قاچاخچییەکان بکەن کە ڕیگای قورستر و مەترسیدار بگرنە بەر بۆ گواستنەوەی پەنابەر و کۆچبەران. لانی کەم ٠٠٠ ٦٠ شەست هەزار پەنابەر و کۆچبەر گیانیان لەدەست داوە لە کاتی گەشتەکانیان لە سەرەتای دەستپێکردنی سەدەی بیست و یەکەوە. بەڵام حکومەتەکان تەنها هەوڵیان بۆ ڕێگرتنە لە گەیشتنی پەنابەر و کۆچبەران بە وڵاتەکەیان، ئەمەش وا دەکات کە هەلی کاری بۆ قاچاخچییەکان قازانجێکی زیاتری تێدا بێت”.

لە دریژەی قسەکانیشیدا وتی “زۆربەی کاتەکانیش قاچاخچییەکان تاکە هەڵبژاردەی ئەو کەسانەن بۆ گەیشتن بە بەهەشتێکی ئارام. ئەگەر خەڵک بیەوێ کۆچ بکات، ئەوا قاچاخچی تاکە ڕێگایە”. لە ساڵی ٢٠١٦، لانی کەم دوو ملیۆن و نیو خەڵک بە قاچاخ گواستراونەتەوە کە بڕی حەوت بلیۆن دۆلار قازانجی ماددی تێدا بوە. بە ڕەچاوکردنی قۆناغی گەشتەکانیان، سێیەک تا دوو سێیەکی ئەوانەی چاوپیکەوتنیان لەگەڵدا کراوە لە کاتی گەشتەکانیاندا دووچاری تووندوتیژی سێکسی یان جەستەیی یان دزی و فڕاندان بوونەتەوە.

ڕاپۆرتەکە ئەوەشی ئاشکرد کرد کە جۆری هاندەرەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت بە ڕەچاوکردنی ڕێگای کۆچکردن. هەروەها برام فروۆس وتی “کۆچکردن لە ڕۆژئاوای ئەفریقاوە زیاتر بەهۆی کێشەی ئابوورییەوەیە، لە کاتێکدا کۆچکردن لە ئەفغانستانەوە زیاتر پەیوەندی بە تووندوتیژی و نەبوونی ئارامی و ئاساییشەوە هەیە. ئەو کەسانەی کە لە شاخی ئەفریقاوە کۆچدەکەن بۆ یەمەن و سعودییە بەهۆی کێشەی ئابوورییەوە کۆچدەکەن، لە کاتێکدا ئەو کەسانەی کە لە شاخی ئەفریقاوە بۆ باکوری ئەفریقا و ئەوروپا کۆچدەکەن بەهۆی نەبوونی مافە سەرەتاییەکانیانەوە ئەو ڕێگایە دەگرنەبەر. زۆربەی ئە کەسانەی کە کۆچدەکەن توشی زیانی قورس دەبنەوە بەڵام نزیکەی ٧٠٪ ی ئەو کەسانەی کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کرا لە وەڵامدا وتیان ئەگەر بگەڕێنەو لە کاتدا ئەوا بە هەمان شێوە کۆچدەکەن، تەنانەت کە هەموو مەترسییەکانی کۆچکردنیش دەزانن، ئەمەش هێز و توانا و سەرسەختی لە ئامانجی ئەو کەسانەدا دیاریدەکات کە کۆچ دەکەن”.

بەهەرحاڵ، لە کاتێکدا کە زۆربەی ئەو کەسانە پەشیمان نین لە کۆچکردنیان، ئەو کەسانەش هەن کە هانی خەڵک دەدەن کە بیر لە کۆچکردن نەکەنەوە. فروۆس وتی “نزیکەی ٦٠٪ ی ئەو کەسانەی کە لە چاوپێکەوتنەکاندا هەبوون مەترسییەکان دەزانن و هانی خەڵک دەدەن کە بیر لە کۆچکردن نەکەنەوە”.

TMP – 29/11/2018