کۆچبەران لەسەر سنوری بۆسنە و کرواتیا گیریان خواردووە

لە هەوڵەکانیاندا بۆ تێپەڕبوون بۆ سنورەکانى کرواتیا و یەکێتى ئەوروپا، کۆچبەرێکى زۆر لە بۆسنە گیریان خواردووە. لە بەری وڵاتی بۆسنە و هەرسکیشەوە، کۆچبەران خزمەتگوزاری و پێداویستییەکانیان زۆر کەمە، ئەوە سەرباری دابەزینی بەرچاوی پلەکانى گەرما کە بارودۆخیانى هێندەى تر خراپ کردووە.

مانگی ١٠ی ٢٠١٨، زیاتر لە ١٨ هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە سنوری بۆسنە و سەرهک و دەیانەوێت هەلێکیان دەستبکەوێت بۆ چوونە ناو خاکی یەکێتى ئەوروپا. پڕۆژەى کۆچبەر چاوپێکەوتنى لەگەڵ یەکێک لەو کۆچبەرانەدا کردووە کە ناوی گەلاوێژە.

مانگی ئابی ٢٠١٨، گەلاوێژ کە تەمەنی ٤٠ ساڵە کوردستانى عێراقی بەجێهێشت. لەبارەى بڕیاری کۆچکردنەکەیەوە ئەو وتی، ” ئیشێکى باشم هەبوو بە موچەیەکى باشەوە، هیچ کێشەیەکیشم نەبوو، تەنها ویستم بچم بۆ ئەوروپا بۆ وەرگرتنى چارەسەری پزیشکی، چونکە نەخۆشی غودەم هەیە.”

دوای ئەوەى چووەتە تورکیا و لەوێشەوە بۆ یۆنان، گەلاوێژ نەیتوانیوە بگاتە ئیتالیا، بۆیە خۆی و چەند کۆچبەرێکى دیکە هەرێمی کوردستان بڕیاریانداوە بە پێ بچن بۆ سیبریا و دواتر بۆ بۆسنە و هەرسک. لەئێستا ئەو و زیاتر لە پێنج سەد کۆچبەری دیکەى هەرێمی کوردستان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتی بۆسنە، لە شاری بیهاژ لەسەر سنوری کرواتیا گیریخواردووە.

گەلاوێژ لە کەمپێکى کاتیدا ژیان بەسەر دەبات، وەک ئەو دەڵێت، “زۆر خراپە”، “لەئێستادا کەشوهەوا زۆر ساردە و هەمیشە بەفر دەبارێت، خەریکە رەق دەبەینەوە.”

ئەو باسی کەلوپەل و پێداویستییەکانى کەمپەکەى کرد و ئاماژەى بەوەکرد، هەر چەندسەر کۆچبەرێک تەنها ژمارەیەکى کەم تەوالێتێکیان هەیە و خێزانەکانیش لەگەڵ کەسانى سەڵت لەیەک شوێندا دەژین. گەلاوێژ بە پڕۆژەى کۆچبەری وت، تەنها خواردنی کەمپەکە شۆربایە، خزمەتگوزاری تەندروستى زۆر کەمە، “چەندجارێک داوام لە بەرپرسانى کەمپەکە کرد پزیشکێکم بۆ بێنن تاوەکو ئیکۆی دڵم بۆ بکات، بەڵام ئەوە مانگێکە هێشتا من چاوەڕێی وەڵامم.”

گەلاویژ و کۆچبەرانى دیکە دەترسن لەوەى گەیشتبێتنە کۆتاییەکی بنبەست، ئەو وتی، “چەندینجار هەوڵمانداوە دەربازی سنور ببین و بچینە کرواتیا، بەڵام ڕێگاکە زۆر بە توندی داخراوە، پۆلیسى کرواتیا هەموو ڕێکارێکى پێویستى گرتووەتەبەر تاوەکو ڕێگری لە ئێمە بکات دەربازی سنور ببین” وتیشى کە زۆربەى کۆچبەرەکان لەجیاتى بەردەوام بوونیان، دەخوازن بگەڕێنەوە بۆ وڵاتانى خۆیان.

بەپێی قسەکانى گەلاوێژ، بازرگانانى مرۆڤ سود دەبینن لە دۆخەکە و داوای پێنج هەزار یۆرۆ دەکەن بۆ دەربازکردنیان، بەڵام هیچ گەرەنتییەکیش نادەن.

گەلاوێژ باسی لە ئەزمونی خۆی کرد و دەڵێت، ژیانى زۆر ناخۆش و سەختە و زۆربەى خەڵکی لەو کەمپەدا پەشیمانە کە بەشێوەیەکى نائاسایی کۆچیان کردووە.

TMP – 11/01/2019