نەتەوە یەکگرتووەکان پەیماننامەى کۆچبەرانی واژۆ کرد

بۆ یەکەمجار، وڵاتانى ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێککەوتن لەسەر پەیماننامەى جیهانی گشتگیر بۆ ڕێکخستنى کۆچی نێودەوڵەتى و دیاریکردنى ئاڵنگارییەکان و زیاترکردنی مافی کۆچبەران. هەرچەندە پەیماننامەکە ئیلزامی نییە، بەڵام زیاتر لە ساڵێکە نەتەوەیەکگرتووەکان کاری تێدا دەکات لەڕێگەى گفتوگۆ و ڕاوێژکردن لەنێوان وڵاتانى ئەندام و بەرپرسانى وڵاتان و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆچبەران خۆیان.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان ئیمزاکردنى پەیماننامەکەى بە دەسکەوتێکى گرنگ ناوبرد و رایگەیاند، پەیماننامەکە لێکتێگەشتنێکى هاوبەشى نێوان حکومەتەکانە بەوەى کە کۆچکردن دیاردەیەکى نێودەوڵەتییە و ڕێکخستنى ئەم دیاردەیەش لە جیهاندا پێویستى بە هەوڵی هەمەلایەنە دەبێت تاوەکو کاریگەرییە ئەرێنییەکانى زیاد بکرێت، هەروەها گەرەنتى ئەوەش دەکات کە هەموو تاکێک مافی سەلامەتی و شکۆ و پاراستنى هەیە.

بەڕێز گۆتێرێز وتیشى “وڵاتان ماف و بەرپرسیارێتى ئەوەیان هەیە کە سیاسەتى کۆچکردنی خۆیان دیاری بکەن و هەر خۆشیان بەرپرسیار دەبن لە ڕێکخستن  و پاراستنى سنورەکانیان”

هاوکات میرۆسلاڤ لاژکاف، سکرتێری کۆمەڵەى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، “ئەوە ساتێکى مێژووییە و بە هیچ شێوەیەک ئەو پەیماننامە هانی کۆچکردن نادات و ئامانجی وەستاندنى کۆچیش نییە، بەڵکو دەیەوێت دیاردەکە بە یاسایی بکات، پەیماننامەکە بەسەر هیچ وڵاتێکدا ناسەپێنرێت و ڕێز لە سەروەری وڵاتانى ئەندام لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەگرێت”.

وتیشى، “پێشتر هەرگیز هۆکارێکمان نەبووە کە پڕۆسەى کۆچکردن بەڕێوەببات و ڕێکیبخات، بۆیە پێشتر لە کاردانەوەدا بووین”

پەیماننامەکە کۆمەڵێک بنەما دادەنێت بۆ باشترکردنى بەڕێوەبردن و تێگەیشتنى نێودەوڵەتى لەسەر کۆچکردن لەڕێگەى دیاریکردنى ئاڵنگارییەکانى پەیوەندیدار بە کۆچکردنەوە لە ئەمڕۆدا و هەوڵ دەدات هەماهەنگییەکانى نێوان حکومەتەکان لەسەر بابەتى کۆچ و کۆچکردن زیاتر بکات و بەردەوامییان پێ بدات.

پەیماننامەکە یەکەمین پەیماننامەى نێودەوڵەتییە کە تەرکیز دەخاتە سەر کۆنتڕۆڵکردنى کۆچکردن، هەروەها ٢٣ ئامانجی دیاریکردووە بۆ برەودان بە کۆچی یاسایی وەک باشترین ڕێگا بۆ ڕێکخستنى شەپۆلەکانى کۆچکردنى خەڵک بە تایبەت کە لەم چەند ساڵەى دوایدا بە ڕێژەیەکى زۆر زیادیان کردووە.

پێشتر و لە مانگی یانزەى ساڵی ٢٠١٧دا، ئەمریکا لە کاتى گفتوگۆکردنى پەیماننامەکەدا کشایەوە و رایگەیاند، پەیماننامەکە ناگونجێت لەگەڵ سیاسەتى کۆچکردن و پەنەبارانى ئەو وڵاتە، هاوکات لەدوای ئیمزاکردنیشی، هەنگاریا هەمان هەنگاوی گرتەبەر و رایگەیاند، ئەو پەیماننامە  زیاتر هانى خەڵک دەدات بۆ کۆچکردن کە ئەوەش مەترسییە بۆسەر جیهان.

بڕیارە پەیماننامەکە لە ١٠ و ١١ی مانگی تشرینى دووەمی ئەمساڵ لە مەراکیشى پایتەختى مەغریب بە فەرمی رابگەیەنرێت و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

TMP – 14/08/2018

میرۆسلاڤ لاژکاف، سەرۆکى ٧٢یەمین دانیشتنى کۆمەڵەی گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان (لای راست)، جوان جۆسی، باڵیۆزی مەکسیک لە نەتەوەیەکگرتووەکان (ناوەڕاست)، جێرک لۆبەر، باڵیۆزی سوید (لای چەپ) لەدوای ئیمزاکردنی پەیماننامەکە.