فەڕەنسا دواین کەمپی کاتیی کۆچبەرانیان لە باکوری پاریس تێکدا

ڕۆژی 4ی شوباتی 2020، پۆلیسی فەڕەنسا 427 کۆچبەری تری گواستەوە لە کەمپێکی کاتی لە باکوری پاریس، چۆڵکردنی کەمپە کاتییەکان هەڵمەتێکی بەرپرسانی ئەو وڵاتەیە بۆ لابردنی سەرجەم کەمپە نافەرمییەکان کە لە دەوروبەری پاریسی پایتەخت دروستکرابوون.

بەپێی لێدوانی بەرپرسانی فەرەنسا، کۆچبەرەکان کە چواریان ژن بوو لە 266 خێمە و پەناگەى کاتیدا ژیاون، کەمپەکە کە کەوتبووەوە لێواری ئاوی سەینت دێنیسەوە، پڕ بوو بوو لە “زبڵ و خاشاک”، “جرجێکی زۆری تێدا” بڵاوبووبوویەوە و بە بەردەوامی “بۆنی میز و ئاوەرۆی” لێ دەهات.

لەبارەى ئۆپراسیۆنەکەشەوە کە دوو کاتژمێری خایاند، پۆلیسی پاریس ڕایگەیاند، “چۆڵکردن و پاککردنەوەی کەمپەکە سنورێک دادەنێت بۆ مەترسی دروستکردنی کێشەى تەندروستی بۆ ناوچەکە و مەترسی ئەمنیش بۆسەر دانیشتوانەکەى.”

چەند ئەفسەرێکی پۆلیس لە ناوچەکە مانەوە بۆئەوەى ڕێگری بکەن لە کۆچبەران تاوەکو سەرلەنوێ کەمپەکە دروستبکەنەوە، دیدیار لالێمێنت، فەرماندەى پۆلیسی پاریس ڕایگەیاند، “ئێمە چیتر کارێک ناکەین کە دیسان شوێنەکە بکرێتەوە بۆ کەمپ.”

دانیشتوانی کەمپەکە دەبرێنە ناوەندەکانی پێشوازیکردن کە تێیدا داواکاری مافی پەنابەرێتییان بە شێوەیەکی خێراتر بەڕێوە دەچێت.

TMP – 13/02/2020

وێنەگر: هاریت هادفیڵد \ شەتەرستۆک

ناونیشانی وێنە: پاریس، 5ی ئایاری 2017. چەند خێمەیەک لە کەمپێکی کۆچبەران کە لە ناوچەیەکی شارستانی باکوری پاریس دانراون.

كۆچ دەكەیت؟ پەیوەندی بە شارەزای كۆچەوە بكە بۆ ئامۆژگاری

جیهان لە جوڵە و بزاوتدایە

جیهان لە جوڵە و بزاوتدایە – لەئێستادا ملیۆنان کەس کۆچ دەکەن، و زۆرێک لەوان ڕووبەڕووى ئەو حەقیقەتە سەختانە دەبنەوە کە ئاماژەن بۆئەوەى کە کۆچکردن لە سەدەى ٢١دا چ مانایەکى هەیە.

ئێمە بە چەند زمانێکى جیاواز زانیارى دروست و دواهەمین هەواڵەکانتان پێدەدەین لەبارەى کۆچکردن، بەشێوەیەک کە زۆر بەئاسانى کۆچبەران لە زانیارییەکان تێبگەن و بەئاسانیش زانیارییەکان وەربگرن.

زانیارى زیاتر