ژمارەیەک کۆچبەری ئەریتری لەکاتی هەوڵدانیان بۆ گەیشتن بە بەریتانیا دەستگیرکران

ڕۆژی ١٣ی ئازاری ٢٠١٩، ١٨ کۆچبەری ئەریتری لە کاتی هەوڵدانیان بۆ چوونەناو بەریتانیا بەڕێگەى لۆری دەستگیرکران، کۆچبەرەکان لە لۆرییەکى ئەڵمانیدا و لە خاڵێکى پشکنین ئاسایی ڕێگای سەرەکی کێنت دەستگیرکران.

بەرەبەیانى ١٣ی ئازاری ٢٠١٩، پۆلیسی کێنت ئاگادارکرایەوە لە “بوونی نیگەرانی لەبارەى ژمارەیەک کەس کە لەناوی لۆرییەکدان لەسەر ڕێگای لەندەن باوند می ٢٦.”

وتەبێژی هێزەکانى سنوری بەریتانیا دەڵێت، “١٨ کەس، کە ١١ پیاو و شەش ژن و مێرمنداڵێک بوون، خۆیان بە ئەریتری ناساندووە و ڕەوانەى وەزارەتى ناوخۆ کراون، مێرمنداڵەکە نێردراوە بۆ چاودێری خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی و هەموو کەیسەکانی دیکەش بەپێی یاساکانى کۆچ و کۆچبەرانى بەریتانیا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.”

هەر لە ئەمساڵدا چەند کەیسێکى دیکەى کۆچبەرانى ئەریتری تۆمارکراوە کە هەوڵیان داوە بە نایاسایی بچنە بەریتانیا.

لە مانگی کانونی دووەمیشدا، گروپێکى ٢٧ کۆچبەری کە خەڵکی ئەریتریا و سودان و ئەسوپیا بوون لەکاتی هەوڵدانیان بۆ گەیشتن بە بەریتانیا بەڕێگەى لۆری دەستگیرکران. پۆلیسی ستافۆردشێر دەڵێت، “دوای ئەوەى زانیاریمان پێگەیشت کە چەند کەسێک ژیانیان لە مەترسیدایە، لۆرییەکە لە نزیک ستۆک-ئۆن-ترێنت دەستبەسەرکرا.”

نیک بەیکەر، جێگری بەرپرسی کەنستەبڵ دەڵێت، “ئێمە بەپێی زانیارییەکان کارمانکرد، لە هەرشوێنێک نیگەرانى جدی هەبێت لەسەر ژیانى خەڵکی، ئۆپراسیۆنى خێرا و گونجاو ئەنجام دەدەین. شۆفێری لۆرییەکە کە تەمەنی ٤٢ ساڵە و هیچ ناونیشانێکى جێگری نییە، دواتر بە تۆمەتی ئاسانکاری بۆ چوونەناوەوەى نایاسایی کەسانی دیکە بۆ بەریتانیا دەستگیرکرا.”

لە بەریتانیا ئەو کەسانەى قاچاخچییەتی بە خەڵکەوە دەکەن ڕوبەڕووی سزا و زیندانیکردنی قورس دەبنەوە. مانگی ئازاری ٢٠١٩، شۆفێری لۆرییەک لە بەریتانیا بە ١٢ هەزار جونەی ئەستەرلینی غەرامە کرا دوای ئەوەى ٢٠ کۆچبەری لە سنور پەڕاندبووەوە. لە مانگی شوباتیشدا، گروپێکى تاوانکاری ڕێکخراو بە ٢٧ ساڵ زیندانی بۆ هەموویان سزا دران دوای ئەوەى چوار کۆچبەری ڤێتنامییان بە بەلەم گواستبووەوە بۆ بەریتانیا. لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٨شدا، گروپێکى حەوت کەسی قاچاخچی بە ٤٨ ساڵ زیندانی بۆ هەموویان سزا دران دوای چەند هەوڵێک بۆ دەرکردنی کۆچبەران بە دەربەندی ئینگلیزیدا.

بەپێی یاسای دوبلندا، پێویستە کۆچبەران لە یەکەم وڵاتی ئەوروپی کە پێی دەگەن داواکاری مافی پەنابەرێتى پێشکەش بکەن، زۆربەى ئەو کۆچبەرانەشی کە دەگەنە بەریتانیا، لەژێر مەترسی ناردنەوەدان بۆ فەڕەنسا.

هاوکات فەڕەنساش ئەو کۆچبەرانە دەگەڕێنێتەوە کە پەنجەمۆریان لە وڵاتانى دیکە کردووە. سیستمی زانیاری بایۆمەتری یەکێتی ئەوروپا کە بە یورۆداک ناسراوە هاوکاری بەرپرسانى کۆچ و کۆچبەرانى وڵاتانى ئەوروپا دەکات بۆ دیاریکردنی ئەو وڵاتەى کە کۆچبەر یەکەمجار داوای مافی پەنابەرێتى پێشکەشدەکات.

ئەو کۆچبەرانەى کە لە ساڵی ٢٠١٨دا بە بەلەم بە دەربەندنی ئینگلیزیدا تێپەڕبوون و خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا لە مانگی کانونی دووەمدا گەڕێنراونەتەوە بۆ فەڕەنسا، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی چالاکییەکانى بەقاچاخبردنی کۆچبەران لە دەربەندی ئینگلیزیدا.

TMP – 28/03/2019

Photo: Paul J Martin / Shutterstock.

سەرەگرتنى لۆرییەکان لە بەندەری دۆڤەر