فەڕەنسا و ئیتاڵیا داوای “دابەشکردنی خودکارانە”ی کۆچبەران دەکەن بەسەر وڵاتانى ئەوروپادا

ڕۆژی 18ی ئەیلولی 2019، سەرکردەکانى هەردوو وڵاتی فەڕەنسا و ئیتاڵیا داوایانکرد کە پێویستە وڵاتانی یەکێتى ئەوروپا سیستمی دابەشکردنی خودکارانەى کۆچبەران پەیڕەو بکەن لە وەرگرتنی کۆچبەراندا.

لەدوای کۆبوونەوەى ئیمانیوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا و گیوسیپۆ کۆنتی، سەرۆکى ئیتاڵیا، هەردوولا لە ڕاگەیەنراوێکدا داوایان لە وڵاتانى تری یەکێتى ئەوروپا کرد بەرپرسیارێتی ئەو کۆچبەرە نائاساییانە بگرنە ئەستۆ کە دەگەنە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا.

بەپێی ئەو سیستمەى کە پێشنیازکراوە، ئەو کۆچبەرانەى کە لە دەریای ناوەڕاست ڕزگاردەکرێن و دەگەنە ئیتاڵیا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی و لەماوەى چوار هەفتەدا دابەشدەکرێن بەسەر وڵاتانى تری یەکێتی ئەوروپا، هاوکات پێشنیازی ئەوەشکراوە کە سزای دارایی ئەو وڵاتانە بدرێت کە ڕەتیدەکەنەوە بەشداری سیستمی دابەشکردنی خودکارانە بکەن.

ئیمانیۆل ماکرۆن وتی، “یەکێتى ئەوروپا هاوکاری پێویستى نیشان نەداوە بۆ ئەو وڵاتانەى ئەوروپا کە سەرەتا کۆچبەران پێی دەگەن بە تایبەت ئیتاڵیا، دڵنیام پێویستمان بە سیستمێکی ئۆتۆماتیکی ئەوروپی هەیە بۆ پێشوازیکردن لە کۆچبەران.”

کۆبوونەوەى هەردوو سەرۆکى فەڕەنسا و ئیتاڵیا هەوڵێک بوو بۆ چارەسەرکردنی گرژی و ساردی لە پەیوەندییەکانى هەردوو وڵات کە لە سەردەمی ماتیۆ سالڤینی، سەرۆک وەزیرانی پێشوو و سەرۆکى پارتی ڕاستڕەوی توندڕەوی دژەکۆچبەر دروستبوو، سالڤینی ڕێگری لە کەشتییەکانى ڕزگارکردنی کۆچبەران گرت لە بەندەرەکانى ئیتاڵیا لەنگەر بگرن.

کۆنتی وتی، “پێویستە چیتر کێشەى کۆچکردن نەبێتەهۆی زیادکردنی دروشم و پڕوپاگەندەى دژە ئەوروپایی.”

هاوکات ڕۆژی 23ی ئەیلول، وەزیرانی ناوخۆی ئەڵمانیا و ماڵتا و فەڕەنسا و ئیتاڵیا کۆبوونەوە و پشتگیری خۆیان بۆ پلانەکە دەربڕی، بڕیارە هەرچوار وڵات پێشنیازەکە ببەنە کۆبوونەوە وەزیرانى ناوخۆیی یەکێتی ئەوروپا کە ڕۆژی 8ی تشرینی یەکەم بەڕێوەدەچێت.

بەپێی ئاماری وەزارەتى ناخۆیی ئیتاڵیا، تا هەشت ڕۆژی یەکەمی مانگی ئەیلول، نزیکەى هەزار و 200 کۆچبەری نائاسایی گەیشتوونەتە کەنارئاوەکانى ئیتاڵیا کە ئەوەش زیاتر لەو ژمارەیەی کە ساڵی پار تۆمارکراوە، هەربەپێی ئامارەکە، ژمارەى ئەو کۆچبەرانەى تاوەکو ئەیلولی 2019 گەیشتوونەتە ئیتاڵیا 70% کەمتر لەو ژمارەیە کە تا ئەیلولی 2018 تۆمار کرابوو.

كۆچ دەكەیت؟ پەیوەندی بە شارەزای كۆچەوە بكە بۆ ئامۆژگاری

جیهان لە جوڵە و بزاوتدایە

جیهان لە جوڵە و بزاوتدایە – لەئێستادا ملیۆنان کەس کۆچ دەکەن، و زۆرێک لەوان ڕووبەڕووى ئەو حەقیقەتە سەختانە دەبنەوە کە ئاماژەن بۆئەوەى کە کۆچکردن لە سەدەى ٢١دا چ مانایەکى هەیە.

ئێمە بە چەند زمانێکى جیاواز زانیارى دروست و دواهەمین هەواڵەکانتان پێدەدەین لەبارەى کۆچکردن، بەشێوەیەک کە زۆر بەئاسانى کۆچبەران لە زانیارییەکان تێبگەن و بەئاسانیش زانیارییەکان وەربگرن.

زانیارى زیاتر