گەنجێکى کورد ڕادەستى ئەڵمانیا کرایەوە و دانی بەوەدانا کە کچێکی هەرزەکاری لاقە کردووە و دواتر کوشتوویەتى
گەنجێکى کوردی عێراقی تەمەن ٢٠ ساڵ کە لە ساڵی ٢٠١٦دا مافی پەنابەرێتی لە ئەڵمانیا ڕەتکراوەتەوە، دانی بەوەدانا کە کچێکی تەمەن ١٤ ساڵى لاقەکردووەو دواتر کوشتوویەتى، لەپاشاندا لەگەڵ حەوت ئەندامى خێزانەکەى لەڕێگەى تورکیاوە گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمى کوردستانى عێراق.
بە وتەی وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا هۆرست سیهۆفەر، عەلی بەشار لە شارێکى باکووری عیراق دەستگیرکراوە و ڕاستەوخۆ نێردراوەتەوە بۆ ئەڵمانیا، لەدواى ئەوەى سکاڵاى لەسەر تۆمارکراوە لەوبارەیەوە.
ئەو فڕۆکەیەی کە عەلی بەشاری هەڵگرتبوو لە هەولێری پایتەختی هەرێمى کوردستانى عێراقەوە فڕیووە بەرەو فرانکفۆرتی ئەڵمانیا و ڕۆژى ١٠ی حوزەیران لە ئەڵمانیا نیشتەوە.
پاش ئەوەی کە پەنابەرێک لە هەمان کامپی عەلی بەشار پۆلیسی ئاگادارکردەوە لەوەی کە لەوانەیە عەلی دەستی هەبێت لە تاوانەکەدا، هێزە ئەمنییەکانى ئەڵمانیا مۆڵەتێکی دەستگیرکرنی نێودەوڵەتییان دەرکرد بۆ کۆچبەرە عێراقییەکە. بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان، عەلی لە شاری زاخۆ دەسگیرکراوە، کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا پاش ئەوەی کە خێزانەکەی هاوکاری پۆلیسیان کرد لە دیاریکردنی شوێنەکەی.
ڕۆژنامەی بیلدی نێودەوڵەتی بڵاویکردووەتەوە کە پاش ئەوەی عەلی خراوەتە بەندینخانەوە، دانی بەوەداناوە کە کچە هەرزەکارە ١٤ ساڵانەکەی کووشتوە کە لاشەکەی لە نزیک بنکەی پێشوازی لە ویسبادێن دۆزرایەوە کە گومانلێکراو پێشتر لەوێ دەژیا. توێکاری جەستەی کچەکە ئەوەی دەرخست کە کچەکە پێش کوشتنى دەستدرێژی سێکسی کراوەتەسەر.
دەسەڵاتدارانی ئەڵمانی ڕووبەڕووى ڕەخنە و ناڕەزایى زۆر بوونەوە لەسەر چارەسەرکردنی کەیسى دیارنەمانی کچەکە و ڕاکردنی گومانلێکراوەکە بێ ئەوەی ئاشکرا بکرێت. هەروەها حکومەتی ئەڵمانیا دوچاری ڕەخنەی زۆر بەهێز دەبێتەوە لەبەرئەوەی سیاسەتی پەنابەران ڕێگەی بە مانەوەی بەشار و خێزانەکەی داوە لە بنکەکانی پەنابەران لە پاش ئەوەی کە داوای پەنابەرێتییان رەتکراوەتەوە.
تاوان و توندوتیژی کۆچبەران وایکردوە کە شەپۆلى دژە کۆچکردن لە ئەڵمانیا و وڵاتە ئەوروپییەکانی تر دروست بێت. لە ڕۆژی ٩ی حوزەیران چالاکوانانی ئەڵمانیا بۆ ڕەخنەگرتن و ڕەتکردنەوەی یاسای کۆچکردنی لیبراڵی ئەڵمانیا لەسەر شەقامەکانی مەینز خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.
لە وەڵامى توڕەیی ڕای گشتیدا، وەزیری ناوخۆ سیهۆفەر سیاسەتێکی نوێی پێشکەشکردوە کە تیایدا جەخت لە خێراکردنی پرۆسەی خێرا ناردنەوەی ئەو پەنابەرانە دەکاتەوە کە مافی پەنابەرێتییان ڕەتکراوەتەوە. هەروەها سیهۆفەر وتی “من لەپێناو بەرپاکردنی یاسا و سەقامگیریدا کاردەکەم، بەڵام ناکرێت کاریگەریمان لەسەر توانای دەوڵەت هەبێت بۆ کارکردن بە پێی ڕێنماییەکان”.
TMP – 20/07/2018
ئەم وتارە شەیر بکە