یۆنان؛ کەمپێکی تری کۆچبەران کەرەنتینە کرا دوای ئەوەى کۆچبەرێک توشی کۆرۆنا بوو

بەرپرسانی یۆنان کەمپێکی تری کۆچبەرانی لەسەر خاکی سەرەکی بە “بە تەواوەتی دابڕی” دوای ئەوەى پشکنینی کۆرۆنای کۆچبەرێکی تەمەن 53 ساڵی ئەفغانی پۆزەتیڤ دەرچوو. 

کۆچبەرە توشبووەکە لەگەڵ خێزانەکەیدا لە کەمپی مالاکاسا لە نزیک ئەسینای پایتەخت لەگەڵ هەزار و 800 کەسدا دەژین.

کەمپی مالاکاسا دووەم کەمپی کۆچبەرانە کە بەهۆی کۆرۆناوە کەرەنتینە دەکرێت دوای ئەوەى هەفتەى ڕابردوو کەمپی ڕیتسۆنا کەرەنتینە کرا، داخستنی ئەو کەمپەش دوای ئەوە هات 20 لە کۆچبەران پشکنینەکانیان بە پۆزەتیڤ دەرچوو.

زیاتر لە 110 هەزار کۆچبەر لە چەند کەمپێکی زۆر خراپدا لە سەرانسەری یۆناندا دەژین، نزیکەى 40 هەزار لەو کۆچبەرانە لە دورگەکاندا دەژین. نۆتیس میتاراچی، وەزیری کۆچی یۆنان جەختیکردەوە کە “پلانێکی بەپەلە و لەناکاو هەیە بەڵام زۆر سەختە کە لەسەر دورگەکان جێبەجێ بکرێن.”

هاوکات بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا و ڕێکخراوە مرۆییەکان داوایان لە بەرپرسانی یۆنان کردووە کۆچبەران لە دورگەکانەوە بگوازنەوە بۆسەر خاکی سەرەکی چونکە “کەمپەکان شوێنێکی زۆر لەبارن” بۆ بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ئیڤا کۆسێ، لێکۆڵەری یۆنانی لە ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ دەڵێت، “جیاکردنەوە و گرتنەبەری ڕێوشوێن و ڕێکاری خۆپارێزی و ڕێگری لە نەخۆشی کۆرۆنا ئەستەمە لە کەمپە قەرەباڵغەکاندا بەهۆی کۆکردنەوەی هەزاران ژن، پیاو و منداڵ بە کۆمەڵ تیاندا.”