بارودۆخی کەمپی کاڵێ خراپتر بووە دوای ئەوەى پۆلیس هەفتانە ٢٠ هەڵمەتی چۆڵکردنی کەمپەکە ئەنجام دەدات
دەسەڵاتدارانى فەڕەنسا هەوڵەکانیان بۆ چۆڵکردنی کەمپە کاتییەکانى پەنابەران لە کاڵێ چڕکردووەتەوە و لە هەر هەفتەیەکدا، نزیکەى ٢٠ هەڵمەتى چۆڵکردن ئەنجام دەدەن. پێدەچێت ئەم هەڵمەتانە ببێتە پاڵنەرێک تاوەکو پەنابەران هەوڵ بدەن بە بەلەم خۆیان بگەیەننە بەریتانیا.
ڕۆژنامەى گاردیان کە رۆژنامەیەکى بەریتانییە راپۆرتێکى ڕێکخراوی چاودێرانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی لۆبێرگ دی مایگرانت کە ڕێخراوێکە بۆ دۆکیومێنتکردنی ڕەوشی پەنابەرن لە کاڵێ بڵاوکردووەتەوە. ڕاپۆرتەکە دەریخستووە کە لە نێوان مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٧ بۆ تشرینی دووەمی ٢٠١٨، پۆلیسی فەڕەنسا ٣٩٣ هەڵمەتى چۆڵکردنی لە کەمپەکانى کاڵێ ئەنجام داوە، نزیکەى ١٥٥ هەڵمەتیان لە نێوان مانگەکانی ئەیلول و تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا ئەنجام دراون کە ئەوەش حەوت ئەوەندەى ئەو ژمارەیەیە کە لە هاوینی ٢٠١٨دا ئەنجام دراون.
هەڵمەتە بەردەوامەکان بۆ چۆڵکردنی ئەو کەمپانە نزیکەى ١٥٠٠ کۆچبەری بێ ماڵ و حاڵ کردووە کە زۆربەیانى ئەفغانی و ئەریتیری و سودانین، لەئێستادا زۆربەیان شەوانە لەژێر پرد و درەختەکاندا دەخەون.
ڕاپۆرتەکە وتەى چەند پەنابەرێکى لە کەمپەکانى کاڵێ وەرگرتووە کە باسی بارودۆخی خراپی خۆیان دەکات تێیدا. هلێبی کە کۆچبەرێکی تەمەن ٢٢ ساڵی ئەریترییە دەڵێت، ئەو و هاوڕێکانى لەسەر شەقام دەخەون چونکە پۆلیس خێمەکانیانی بردوون. ئەو کە باسی پۆلیسی فەڕەنسا دەکات دەڵێت، “کاتێک ئەوان دێن ئێمە ڕا دەکەین، چونکە پێشتر لێیان داوین.”
ئیفی کە یەکێکە لە هاوڕێ ئەریتیرییەکانى هلێبی و تەمەنی ٢٧ ساڵە چەندینجار هەوڵی داوە بەرەو بەریتانیا بچێت و دەڵێت، “زۆربەى شەوەکان پۆلیس بەدواماندا دەگەڕێت، خەوتن زۆر مەترسیدارە.”
پۆڵ لێکلێرک کە لە ڕێکخراوی لۆبێرگ دی مایگرانتی کار دەکات بە گاردیانى وتووە کە دوای ئەوەى لە ساڵی ٢٠١٦دا کەمپی سەرەکی کاڵێ بەناوی “جەنگەڵ” چۆڵکرا، دۆخی پەنابەران بە تەواوەتى خراپ بووە. ئەو دەشڵێت، “زۆربەى پەنابەران شەوانە زیاتر لە چوار کاتژمێر ناخەون کەئەوەش بۆخۆی کاریگەری خراپی دەرونی هەیە.”
وەرزی زستانیش کاریگەری خۆیی هەیە، ژمارەیەکى زۆر حاڵەتى دابەزینی پلەى گەرمی لەش لەناو پەنابەراندا تۆمارکراون. مادی ئاڵن، بەڕێوەبەری مەیدانی لە ڕێکخراوی خێرخوازیی بەریتانی “هێڵپ ڕێفیوجیز” باسی لەوە کردووە کە لەم دواییانەدا سێ کەیسی نەخۆشی سیل تۆمارکراون. ئەو دەڵێت کە هەڵمەتەکانى ئەم دواییە بۆ چۆڵکردنی کەمپە کاتییەکانى کاڵێ کاریگەری دەرونی خراپی کردووەتەسەر پەنابەران.
ئاڵن دەشڵێت، “ئەو هەڵمەتانە وا لە پەنابەران دەکات کە بە بەردەوامی بجوڵێن. پێشتر خێمەکان شەش مانگ بەرگەیان دەگرت، بەڵام ئێستا بۆ شەش ڕۆژ بەکاردەهێنرێن. لەئێستاشدا ژینگەکە لەهەر کات زیاتر خراپترە.”
ڕاپۆرتی توندوتیژی پۆلیسی فەڕەنسا لەدژى پەنابەران بڵاوکرایەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە ماوەى ١٢ مانگدا پەنابەران زیاتر لە هەزار سکاڵایان لەدژى پۆلیسی تۆمارکردووە کە ٢٤٤ سکاڵایان باس لە حاڵەتى لێدان دەکەن بە داری کارەبایی و بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ.
بارودۆخی کاڵێ وای لە زۆرێک کردووە هەوڵ بدەن خۆیان بگەیەننە دەربەندی ئینگلیزی بە بەلەم. لەمدواییەدا ڕۆژنامەى تەلەگراف باسی لەوە کردووە کە بەرپرسانى فەڕەنسا ڕێگرییان لە ٢٨ بەلەم کردووە کە بەرەو بەریتانیا چوون و زیاتر لە ١١٠ کۆچبەریش دەستگیرکراون
TMP – 27/02/2019
Photo: Edward Crawford / Shutterstock
کاڵێ، فەڕەنسا. ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦، پۆلیسی فەڕەنسا پاسەوانى هەڵمەتى چۆڵکردنی کەمپی جەنگەڵ دەکەن
ئەم وتارە شەیر بکە