سەدان کۆچبەر لەدژی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران لە فڕۆکەخانەى پاریس خۆپیشاندانیان کرد
سەدان کۆچبەری نائاسایی لە فڕۆکەخانەى پاریسی پایتەخت لەدژى دیپۆرتکردنەوەى کۆچبەرانى نائاسایی دیکە گردبوونەوە.
ئەو کۆچبەرانەى دیپۆرتدەکرێنەوە لە فەڕەنسا یان بەهۆى ڕەتکردنەوەى داواکاری مافی پەنابەرییانە یان بەپێی ڕێککەوتننامەى دوبلن لە فەڕەنساوە دەگەڕێنرێنەوە بۆ ئەو وڵاتە ئەوروپییەى کە یەکەمجار پێی گەشتوون. بەپێی ڕێککەوتننامەى دوبلن کە لەلایەن تەواوی وڵاتانی ئەوروپاوە واژۆ کراوە، دەبێت کۆچبەر لەو وڵاتە ئەوروپییە داوای مافی پەنابەری بکات کە یەکەمجار پێی دەگات.
خۆپیشاندەران داوایان لە حکومەتى فەڕەنسا کرد بەپێی یاسا ڕێگەیان پێ بدرێت خێزانەکانیان بهێنن بۆ فەڕەنسا. بەپێی ئەو وێنە و گرتە ڤیدۆییانە لە تویتەر بڵاوکراونەتەوە دەردەکەوێت، زیاتر لە 500 کۆچبەر لە تێرمیناڵی دوو لە فڕۆکەخانەى چارڵی دی گاوڵە هوتاف دەکێشن و دەیان پۆلیس چواردەوریان گرتوون و چاودێرییان دەکەن.
بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان، خۆپیشاندەران هاوار دەکەن “بەڵگەنامەکان بۆ هەمووان“، خۆپیشاندانەکە لەلایەن کۆمەڵەیەکى پشتگیریکاری کۆچبەران ڕێکخرا بە ناوی (دی چاپێڵ بیبۆوت).
لە ساڵەکانى 2017 و 2018دا، ژمارەى دیپۆرتکردنەوەى کۆچبەران بەڕێژەى %20 زیادی کردووە، بەپێی ئاماری وەزارەتى ناوخۆی فەڕەنسا، 14 هەزار و 859 کەس لەو ماوەیەدا دیپۆرتکراونەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکى فەرمیدا، خۆپیشاندەران داوای بینینی دێدوارد فلیب، وەزیرى ناوخۆی فەڕەنسایان کرد بۆ تاوتوێکردنی سیاسەتى کۆچکردنی فەڕەنسا، هەروەها داوای بینینی نوێنەرانی کۆمپانیا فڕۆکەوانی “ئێیەر فرانس“ـیان کرد تاوەکو داوای وەستاندنی هەر بەشدارییەکى “دارایی و لۆجستی و مادیی و سیاسی کۆمپانیاکە بکەن لە پڕۆسەى دیپۆرتکردنەوەى کۆچبەراندا.”
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەى “لێ پارسیان” دواتر چەند کەسێک بە نوێنەرایەتى کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکە خۆپیشاندەرانیان بینی و وتیان کە “نیگەرانییەکانیان دەگەیەننە دەستەى بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانە.”
کۆچبەرێک کە بەشداری خۆپیشاندانەکەى کرد بە ڕۆژنامەکەى وت، “ئەوە دواین هەنگاومان نابێت، ئێستا لە فڕۆکەخانە خۆپیشاندانمان کرد، دواتر دەچینە شوێنەکانی تر.”
TMP – 10/06/2019
Photo credit: Collectif La Chapelle Debout/Facebook
Photo caption: کۆچبەران لە فڕۆکەخانەى چارڵی دی گاوڵی لە پاریسی فەڕەنسا خۆپیشاندانیان کرد
ئەم وتارە شەیر بکە