دادگایەکی فەڕەنسا سزای زیندانی بۆ سێ قاچاخچی دەرکرد

ڕۆژی ١ی ئازاری ٢٠١٩، دادگایەکی فەڕەنسا سزای دوو هاوڵاتی عێراقی و هاوڵاتییەکی ئێرانی دا بە تاوانی بەقاچاخبردنی کۆچبەران بە دەربەندنی ئینگلیزیدا.

کەسێکى عێراقی تەمەن ٣٢ ساڵ کە بە سەرۆکی باندەکە ناسراوە لەلایەن دادگای بۆولۆگنی سور میر لە باکوری فەڕەنسا بە ١٨ مانگ زیندانیکردن سزا درا، دوو هاوڕێکەیشی کە یەکێکیان کەسێکى ئێرانی تەمەنی ٣٠ ساڵ و ئەوی تریان کەسێکى عێراقی تەمەن ٣٩ ساڵە بە یەک ساڵ زیندانی سزا دران و هەرسێکیشیان چوونە خاکی فەڕەنسایان لێ قەدەغەکرا.

مانگی کانونی یەکەمی ٢٠١٨، خاوەن دوکانێکى فرۆشتنی کەلوپەلی بەلەم زانیاری بە پۆلیس دا لەبارەى سێ کەس کە بەلەمی چوپیی گوماناوییان کریبوو چونکە قاچاخچییەکان بەزۆری ئەو بەلەمانە بەکاردەهێنن. ئەو خاوەن دوکانە ژمارەی تابلۆی بەلەمەکە و ژمارە تەلەفۆنی گومانلێکراوەکانى بە پۆلیس داوە و هەر بەڕێگەیەش پۆلیس دەستگیری کردوون.

لەدوای لێکۆڵینەوە و ڕۆژی ١٥ی کانونی دووەمی ٢٠١٩، پۆلیس دوو کەسی دەستگیرکرد. دوای ئەوەى چاودێری خرایە سەر تەلەفۆنی کەسی سێیەم و بەڵگەى تەواو کۆکرایەوە، ئەویش دەستگیرکرا. لەکاتی دەستبەسەرکردنیاندا، هەرسێ کەسەکە چیرۆکی جیاوازیان لەبارەى کڕینی بەلەمەکەوە باس کردووە،  یەکێکیان وتوویەتی کە تێوەگلاون لە باندێکى بەقاچاخبردن بەڵام یەکێکی تریان وتوویەتى “تەنها ویستومانە بچین بۆ بەریتانیا.”

بەپێی لێکۆڵینەوەکان ئەو سێ کەسە تێوەگلاون لە ڕێکخستنی حەوت بەلەمی کۆچبەران بۆ تێپەڕبوون بە کەنارئاوەکانى کاڵێ و سەنگاتی و ویسانت و ئاودینفۆن بە درێژی ئاوی دەربەندی ئینگلیزی.

داواکاری گشتیی کامیلێ گۆرلین دەڵێت، “تۆمەتبارەکان تەنها یەک جار قاچاخچییەتییان نەکردووە، بەڵکو ئەمانە باندێکى ڕێکخراو بوون.”

چەند وێنەیەکى مەکینەى بەلەم لە موبایلی پیاوە ئێرانییەکەدا دۆزراوەتەوە، هاوکات موبایلی کەسە عێراقییە ٣٩ ساڵەکەش هەمیشە لە نزیک دوکانی کەلوپەلی بەلەمەکەوە بووە.

داواکاری گشتی دەشڵێت، لە لێکۆڵینەوەدا دەرکەوتووە کە موبایلی پیاوە عێراقییە ٣٢ ساڵەکە کە ئەو بە سەرۆکى باندەکە ناساندوویەتى چەند شوێنپێیەک دۆزراوەتەوە کە هەوڵدراوە بپەڕێتەوە بۆ بەریتانیا، هەر بەپێی لێکۆڵینەوەکان دەردەکەوێت کە ئەو کەسە چاودێری هەوڵی پەڕینەوەکانى کردووە.”

لە کۆتاییەکانى ساڵی ٢٠١٨دا، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەى لە فەڕەنساوە لە ئاوی دەربەندی ئینگلیزییەوە بەرەو بەریتانیا پەڕیونەتەوە بەشێوەیەکى بەرچاو زیادی کردووە. پۆلیسی دەریاوانى فەڕەنسا لە ساڵی ٢٠١٨دا زیاتر لە ٧٨ هەوڵی پەڕینەوەیان تۆمارکردووە و لە مانگەکانی کانونی دووەم و شوباتی ئەمساڵیش، نزیکەى ٥٠ هەوڵی پەڕینەوە لە دەربەندەکەدا تۆمارکراون.

فەڕەنسا و بەریتانیا چاودێرییەکانیان لەسەر سنور توندترکردووەتەوە و هێزی دەریایی و پاسەوانیی سنوریان زیاتر کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی شەپۆلی کۆچبەران. ئەو ژمارە کەمەى کۆچبەرانیش کە دەگەنە بەریتانیا لەژێر هەڕەشەی ناردنەوەدان بۆ فەڕەنسا.

TMP – 22/03/2019

Photo: Harald Schmidt / Shutterstock.

چەند ئەندامێکى هێزی سنوریی بەریتانیا لەناو بەلەمێکدا دەسوڕێنەوە