بەریتانیا بەردەوامە لە گەڕاندنەوەى ئەو کۆچبەرانەى بە بەلەم دەگەنە ئەو وڵاتە و کەسێکیشی تۆمەتبارکرد بە هاوکاریکردنی تێپەڕبوونی نایاسایی بە دەربەندی ئینگلیزیدا
هێزەکانى سنوریی بەریتانیا لە کەنار ئاوەکانى کێنت ڕێگرییان لە 36 کۆچبەر کرد و دەستگیریانکردن، ئەو کۆچبەرانە بەپێی ڕێککەوتننامەى دوبلن ڕوبەڕوی گەڕاندنەوە بۆ فەڕەنسا یان هەر وڵاتێکى تری ئەوروپا دەبنەوە.
ڕۆژی 22ی نیسانى 2019، هێزەکانى سنوریی بەریتانیا ڕێگرییان لە سێ بەلەمی بچوک گرت کە 36 کۆچبەریان تێدابووە. سەرجەم ئەو 36 کۆچبەرە لەلایەن هێزەکانى بەریتانیاوە برانە بەندەری دۆڤەر بۆ لێکۆڵینەوە، هێشتا ناسنامەى ئەو کۆچبەرانە ئاشکرانەکراوە بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکان، کۆچبەران خۆیان بە عێراقی و ئێران ناساندووە.
ئەو کۆچبەرانە و تەواوی ئەو کۆچبەرانەى تر کە دەیانەوێت بە دەربەندی ئینگلیزیدا تێبپەڕن ڕوبەڕووی گەڕاندنەوە دەبن بۆ فەڕەنسا یان وڵاتێکى دیکە ئەوروپی، بەپێی ڕێککەوتننامەى دوبلن کە سەرجەم وڵاتانى ئەوروپا واژۆیان کردووە پێویستە کۆچبەر لەو وڵاتە ئەوروپییە داوا مافی پەنابەرێتى بکات کە یەکەمجار پێی دەگات.
وەزارەتى ناوخۆی بەریتانیا ڕایگەیاند، “ئەوە بنەمایەکى نەگۆڕە کە ئەوانەى پێویستییان بە مافی پەنابەرێتى هەیە پێویستە داواکاری مافی پەنابەرێتى لە یەکەم وڵاتێکی سەلامەت کە پێی دەگەن پێشکەش بکەن، لە سەرەتای مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵەوە زیاتر لە 20 کەس بە بەلەمی بچوک و بە نایاسایی گەیشتوونەتە بەریتانیا بەڵام گەڕێنراونەتەوە بۆ فەڕەنسا.”
فەڕەنسا ڕەزامەندبووە بۆ گەڕاندنەوەى ئەو کۆچبەرانەى کە زانیاری بایۆمەترییان لە وڵاتێکى دیکەى ئەوروپی هەیە. سیستمی فراوانی زانیاریی بایۆمەتری ئەوروپی ناسراو بە (یۆرۆداک) یارمەتی بەرپرسانى کۆچ و کۆچبەرانى وڵاتانى ئەوروپی دەدات کە زانیاری لەبارەى کۆچبەرەوە وەربگرن کە لە چ وڵاتێک داوای مافی پەنابەرێتى کردووە و بە چ وڵاتێکى ئەوروپیدا بە نایاسایی تێپەڕبووە.
دوای ئەوەى لە کۆتاییەکانى ساڵی 2018دا ژمارەی ئەو بەلەمانە زیادیان کرد کە دەگەیشتنە بەریتانیا، دەسەڵاتداران ئەو وڵاتە دەستیانکردووە بە لەناوبردنی تۆڕی قاچاخچییەکان و ئاسایشی کەنارئاوەکانیان زیاترکردووە و هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ فەڕەنسا بەهێزتر کردووە تاوەکو ڕێگری لە قاچاخچییەکان بکەن لە ناردنی بەلەمی زیاتر و خستنەمەترسی ژیانى کۆچبەران.
لە نوێترین حاڵەتدا، بەریتانیا (سەربەست محەمەد حەمە)ی تەمەن 31 ساڵی تۆمەتبارکرد بە ئاسانکاری بۆ کۆچکردنی نایاسایی، ئەو بە گواستنەوەى 28 کۆچبەر بۆ بەریتانیای تۆمەتبارکراوە.
حاڵەتى یەکەم لە کریسمیسی ساڵی 2018 ڕوویداوە کاتێک 13 کەس کە منداڵێکیان لەگەڵدا بووە لەناو بەلەمێکدا ڕزگارکران، هیچکام لە کۆچبەرەکانی ناو بەلەمەکە هێلەکی سەلامەتییان پێ نەبووە.
هەروەها ئەو قاچاخچییە تۆمەتبارکراوە بە هەوڵێکى گواستنەوەى کۆچبەران لە 27ی ئازاری ئەمساڵدا کە گروپێکی 11 کەسی بوون کە نۆیان عێراقی بوون و دووانیشیان ئێران. هەروەها گروپێکى دیکەى کۆچبەران ڕزگارکراون کە لە 11 پیاو و ژنێک و دوو منداڵ پێکهاتبوون لە درەنگانێکى شەودا لە ناوچەى فۆڵکستۆن بەرەو کەنارئاوەکانى ئینگلیزی دەچوون.
قاچاخچییەکان ڕوبەڕووی سزای چەندین ساڵ زیندانی و هەزاران پاوەن غەرامەکردن دەبنەوە، لە چەند مانگی ڕابردوودا، دادگاکانى فەڕەنسا و بەریتانیا چەند سزایەکى قورسی زیندانیکردنیان بۆ چەند قاچاخچییەک دەرکردووە.
سەربەست محەمەد حەمە ئێستا لە زینداندا دەستبەسەرە تاوەکو ڕۆژی 15ی ئایاری 2019 لەبەردەم دادگا ئامادەبێت، ئەگەر بەڵگەکانى بسەلمێنرێت، سەربەست ڕوبەڕوی سزای چەند ساڵێک زیندانیکردن دەبێتەوە بە تاوانى ئاسانکاری و یارمەتی بۆ کۆچکردنی نایاسایی و خستنەمەترسی ژیانى خەڵکەوە.
TMP – 29/04/2019
Photo credit: Susan Pilcher / Shutterstock
Photo caption:
هێزێکى سنوریی کەنارئاوەکانى بەریتانیا لە بەندەری فۆلکستۆن دەگەڕێتەوە دوای کردەیەک بۆ گەڕاندنەوەى کۆچبەران. فۆڵکستۆن، کێنت، بەریتانیا-24ی شوباتی 2019.
ئەم وتارە شەیر بکە