دوو هاوڵاتی فەڕەنسی بە تاوانی یارمەتیدانی کۆچبەران بۆ تێپەڕبوونیان بە دەربەندی ئینلگیزیدا زیندانیکران

دوو هاوڵاتی فەڕەنسی سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرا بە تاوانی یارمەتیدانی کۆچبەران بۆ تێپەڕبوونیان بە دەربەندی ئینگلیزیدا.

یەکێک لە دوو هاوڵاتییەکە خاوەنی فرۆشگایەکی بەلەمی دەستى دوو بوو، ئەو بە تاوانی فرۆشتنى زیاتر لە 39 بەلەم بە کۆچبەران سزاداراوە کە بەکارهێنراون بۆ تێپەڕبوون بە دەربەندی ئینگلیزیدا. ئیمانوێل دێسرێکسی تەمەن 45 ساڵ بە 18 مانگ زیندانیکردن سزادرا، وەک دەوترێت، هەندێک لە بەلەمەکان بەلەمی ڕاوکردنی دزراو بوون، ئیمانوێل بە 14 هەزار یۆرۆی کاشەوە دەستگیرکراوە.

دوای ئەوەى مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ چوار کۆچبەری ئێران لەگەڵ دوو شۆفێری تەکسی فەڕەنسی لەکاتی تێپەڕبوونیان بە کەنارئاوەکانی ویمێرێکس لە نزیک کاڵی دەستگیرکران، پۆلیس لێکۆڵینەوەى دەستپێکرد، ئەو زانیارییانەى کە پۆلیس بەدەستیهێنابوو لەکاتی لێکۆڵینەوەکاندا بووەهۆى دۆزینەوەى فرۆشگای بەلەمی ئیمانوێل لە شاری دێولێمۆنت لەسەر سنوری بەلجیکا.

زیاتر لەوەش، خاوەنی فرۆشگای بەلەمەکان کۆچبەرانى بە شۆفێری تەکسییەکان ناساندووە و بە شەودا ناردوونی بۆ کەنار ئاوەکان. لە دادگا، ژین کڵاودی دێمیر، یەکیک لە دوو پیاوەکە، دانیناوە بەوەى شەش گەشتى بۆ کۆچبەران ڕێکخستووە، “کە من گەشتم، زۆر ئەوان بە ئۆتۆمبێلێک هاتن و بەپەلە بەلەمێک و بزوێنەرێک و هێلەکی سەلامەتی و دوو سەوڵیان برد و خێرا ڕۆشتن.” ئەو بە یەک ساڵ زیندانی سزادرا.

قەرەباڵغی ڕێڕەوە ئاوییەکە و شەپۆلی بەرز و نزمی پلەى گەرمای ئاوەکە تێپەڕبوونی بەلەمە بچوکەکانى کۆچبەرانی زۆر مەترسیدار کردووە بە تایبەت ئەو بەلەمانەى زۆر ناگونجاون بۆ گەشتکردن، هیچکام لە هاوڵاتییە سزاداراوەکان پەشیمانی خۆیان بۆ کارەکەیان دەرنەبڕی.

ئیمانوێل لە دادگا وتی، “هەموو پەیوەندی بە کەشوهەواوە هەیە، پێم وتوون (کۆچبەران) هەرکاتێک کەشوهەوا خراپ بوو دواتر تەلەفۆن بکەن.”

وەک بەشێک لە ڕێککەوتنى ئەمنی نێوانیان لەگەڵ بەریتانیا بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى کۆچکردنی نائاسایی لە دەربەندی ئینگلیزیدا، فەڕەنسا ڕێگری لە سەدان کۆچبەر کردووە و دەستگیریکردوون و سزای قورسی قاچاخچییەکانیشی داوە.

TMP – 13/06/2019

Photo credit: Gilles Paire / Shutterstock

Photo caption: بەلەم و کەشتى پۆلیسی دەریاوانى فەڕەنسا